د. کرمانج عوسمان: دەستبەسەرداگرتنی چەک لەناو ئۆتۆمبێل دۆسییەکی رۆژنامەوانیی نییە

د. کرمانج عوسمان راوێژکار و شارەزای یاسایی
د. کرمانج عوسمان راوێژکار و شارەزای یاسایی

K24- هەولێر:

د. کرمانج عوسمان، راوێژکار و شارەزای یاسایی، لە لێدوانی بۆ کوردستان24 لەبارەی سزادانی چەند کەسێک کە لەژێر ناوی رۆژنامەنووسی، کاری نایاساییان کردووە رایگەیاند، ئەوانە تانە دەدەن، مەبەستیان پەیداکردنی ناوبانگە و لەبارەی دۆسییە و بەڵگەکان زانیارییان نییە.

راشیگەیاند، ئاراستەیەکی پۆپۆلیستی بۆ دەستخستنی ناوودەنگ هەیە کە هەڵایەکی میدیایی دروست دەکەن؛ دەیانەوێت بەهۆیەوە بەناوبانگ ببن. لەکاتێکدا، هێشتا بڕیارەکە بە تەواوی نەدراوە چونکە لە هەرێمی کوردستان چەند فلتەرێکی یاسایی هەیە بۆ بڕیاردان.

روونیشکردەوە، هەندێک کەس بە ناوی رۆژنامەنووسی کە یاسای و ئەتەکیەتی رۆژنامەنووسی نازانن، مایکی میدیا بۆ مەبەستی خۆیان بەکاردەهێنن. لەناو ئۆتۆمبێلێک چەک بگیرێت، ئەو دۆسییە نابێتە دۆسییەیەکی رۆژنامەوانیی.

لەبارەی سەربەخۆیی دادگاکان گووتی، لە رووی یاساوە دادگان سەربەخۆن، بەڵام جیاوزیان لەگەڵ وڵاتانی دیکە هەیە، دادگا و یاسا لە هەرێم لە زۆر وڵاتانی ناوچەکە باشترن و سەروەریان پارێزراوە، کاریش دەکرێت هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو بن.

لەبارە رەخنەکانیش رایگەیاند، هەر کاتێک دۆسییەک لە بەرژەوەندی لایەنێک نەبێت، دەڵێن دادگا سەربەخۆ نییە و لایەنگریی دەکات. لە کاتێکدا لێرە چەندین دەستە هەیە دەتوانن چاودێری پرۆسەی دادگایی بکەن و دانیشتنەکان بە ئاشکرا دەکرێن.