له پيشانگهى نێودهوڵهتى كتێبى تاراندا رێگه به نمايشى كتێبى كوردى ههرێمى كوردستان نهدرا
پێشانگای نێودەوڵەتی كتێبی تاران 4ی ئایار دەستیپێكرد و دوای دە رۆژ ئەمڕۆ كۆتایی پێدێت. لە 29یەمین پێشانگای كتێبی تاراندا وەشانخانە كوردییەكان بە سارد و سڕی لایان لێكرابووەوه
K24 – ههولێر:
پێشانگای نێودەوڵەتی كتێبی تاران 4ی ئایار دەستیپێكرد و دوای دە رۆژ ئەمڕۆ كۆتایی پێدێت. لە 29یەمین پێشانگای كتێبی تاراندا وەشانخانە كوردییەكان بە سارد و سڕی لایان لێكرابووەوه و بەشدارییەكی بەرچاویان نەبوو. لە بەشی فارسی و زمانەكانی دیكەشدا باسی كۆمەڵێك كێشە كرا.
دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و دامەزرانی كۆماری ئیسلامی لەساڵی 1979دا، بۆماوەی 8 ساڵ بەهۆی جەنگی ئێران و عێراق و لە لایەكیش داخرانی زانكۆ و نێوەندەكانی خوێندنی باڵا بە پێی پڕۆژەیەك بە ناوی شۆڕشی كلتووری، پێشانگای كتێبی نێودەوڵەتی لە ئێران نەكرایەوە. لەوكاتەوە ئەمە 29یەمین پێشانگای نێودەوڵەتییە كە لە تاران بەڕێوەدەچێت.
پێشانگای نێودەوڵەتیی تاران كە لە ئێران وەك رووداویكی كەلتوری سەیری دەكرێت و لە چوارقوژبنی ئەو وڵاتەوە هۆگرانی فێربوون بەرەو تاران رادەكێشێت، ئەم ساڵیش كۆمەڵێك باسوخوازی لێكەوتەوە.
گواستنەوەی پێشانگاكە لە شوێنەكانی ساڵانی پێشوو بۆ شاری ئافتاب كە شوێنی نوێی تایبەت بەو پێشانگایەیە، هەندێك كێشەی نایەوە. دووری شوێنەكە لە نێوەندی تاران و دابینكردنی كەرەستەی هاتووچۆ بەشێك لەو كێشانەبوون و لە رۆژەكانی كۆتایی پێشانگەكەش بە هۆی باران بارینەوە بەشێك لە كتێبەكان تەڕ بوون.
ئەمانە و گرانبوونی نرخی كتێب هەندێك لە كێشەكان بوون، بەڵام سانسۆریش بەسەر بەشێك لە بەرهەمەكاندا سەپێنرا.
ئاژانسی هەواڵی مێهر لەزمان هومایون ئەمیرزادە سەرۆكی ئەنجومەنی چاودێری و هەڵسەنگاندنی كتێبەوە رایگەیاند: دامەزراوەكانی چاودێری كە داواكاری گشتیی تاران یەكێك لەوان بوو، لیستێكی كتێبە رێگەپێنەدراوەكانی پێشانگایان ئامادە كردووە.
بەرلە كردنەوەی پێشانگا، خاوەنی یەكێك لە بڵاوكەرەوەكانی كتێب لە تاران گوتوویەتی: وەزارەتی ئیرشاد پێوەندیی بە دەیان بڵاوكەرەوەی ئێرانەوە كردووه و و داوای لێكردوون هەندێك لە كتیبەكان نەبەنە پێشانگای ئەمساڵ. ئەو بڵاوكەرەوەیە گوتبووی: ژمارەی ئەو كتێبانە نزیكەی 300 كتێبن، بەڵام ئەمیرزادە وڵامی دابوهوە توانیویانە ئەو ژمارەیە كەمتر بكەنەوە.
كاتی بەڕێوەچوونی پێشانگاكەش كۆمەڵێك كتێب لە پێشانگا كۆكرانەوە. عەلی فەرەیدوونی، یەكێك لە بەڕێوبەرانی وەزارەتی ئیرشاد، رۆژی سێهەمی بەڕێوەچوونی پێشانگا گوتی: ههندێك كتێب لە بەشی عەرەبی كە باسی ئیسلامی تۆندڕۆ دەكەن و بەشێك لەو كتێبە لاتینانەی وێنەی نەشیاویان تێدایە، لە پێشانگاكە كۆكراونەتەوە. چوار ژووری بڵاوكەرەوەكان داخراون و دوو بڵاوكرەوەش بۆ ساڵی داهاتوو لە پێشانگا دوورخراونەتەوە.
كۆمەڵێك لاوی رۆژهەڵاتی كوردستان لە پەراوێزی پێشانگاكەدا بۆ چەند ساتێكی كورت هەڵپەڕین، بەڵام ئەمساڵ هیچ بڵاوكەرەوەیەكی هەرێمی كوردستان و باكووری كوردستان لەم پێشانگایەدا بەرچاو نهكەوتن و تەنیا چوار بڵاوكەرەوەی كوردی لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان بەشدار بوون.
ئەمە لەكاتێكدایە دوای روخانی حكومەتی پاشایەتی هەرچەند زمانی كوردی بە فەرمی لە قوتابخانەكانی رۆژهەڵاتی ناخوێندرێت، بەڵام ناوەبەناوە ئیزنی چاپ و بڵاوكردنەوەی كتێبی كوردیش دەدرێت ولەلایەكی دیكەوە پێچەوانەی زمانەكانی دیكە بردنی كتێبی كوردی لە وڵاتانی دەرەوە بۆ ناو رۆژهەڵاتی كوردستان ئیزنی پێ نادرێت.