ژمارەی زەوییەكانی قەرەبووی گوندی كۆری دەدرێتە سوودمەندانی پڕۆژەكە

"نەخشە نوێكە بەبێ گۆڕانکاری لە ژمارەی زەوییەکان دەخرێتەڕوو"

دیمەنێكی گوندی كۆری لە ھەولێر
دیمەنێكی گوندی كۆری لە ھەولێر

K24 – ھەولێر

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، بەمزووانە ژمارەی زەوییەكانی قەرەبووی گوندی كۆری دەدرێتە سوودمەندانی پڕۆژەكە.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە: "لە ماوەی رابردوودا تیمێكی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی هەولێر كاریان لەسەر نەخشەی نوێی زەوییەكانی قەرەبووی گوندی كۆری كرد و بەمزووانەش ژمارەی زەوییەكانی قەرەبووی گوندەكە دەخرێتە بەردەستی سوودمەندانی پرۆژەكە".

ئەوەشخراوەتەڕوو: "ئەو تیمە بە هاوبەشی و هەماهەنگی لەپێناو خزمەتكردنی سوومەندانی پڕۆژەكە، رۆژانە كاریان لەسەر نەخشەكە كردووە و دواتر بە ئامادەبوونی نوێنەرانی خاوەن زەوییەکانیش نەخشە نوێکە خرایەڕوو، ئێستاش کار لەسەر دانانی ژمارەی زەوییەکان دەکرێت و بەمزووانەش نەخشە نوێكە بەبێ گۆڕانکاری لە ژمارەی زەوییەکان لە رێگەی پەیجی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە دەخرێتە بەردەستی سوودمەندانی خاوەن زەوییەكان".

نەخشەی گوندی كۆری لە ھەولێر
نەخشەی گوندی كۆری لە ھەولێر