کوتانی پەرلەمانتاران بە ڤاکسینی کۆرۆنا لە لوبنان هەرای ناوەتەوە
بانکی نێودەوڵەتی هەڕەشەی وەستاندنی پارەدارکردنی هەڵمەتەکە دەکات
K24 - هەولێر
کوتانی ژمارەیەک پەرلەمانتاری لوبنان رۆژی سێشەممە لەنێو باڵەخانەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، شەپۆلێکی فراوانی رەخنەی لەو وڵاتە بەدوای خۆیدا هێنا، بانکی نێودەوڵەتیش هەڕەشەی وەستاندنی پارەدارکردنی هەڵمەتی کوتان دەکات.
عەدنان زاهر، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی لوبنان رایگەیاند رۆژی سێشەممە، 16 پەرلەمانتار و چوار کارمەندی پەرلەمان، کە تەمەنیان 75 ساڵی رەتداوە، لەنێو بارەگای ئەنجوومەن ڤاکسینی دژی کۆرۆنایان لێدرا.
لە لوبنان لە نیوەی ئەم مانگەدا دەست بە هەڵمەتی کوتان لە دژی کۆرۆنا کراوە، هەڵمەتەکە بە پارەدارکردنی بانکی نێودەوڵەتی بە گوژمەی 34 ملیۆن دۆلار دەستیپێکردووە، بەو مەرجەی ڤاکسینی کۆرۆنا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەپێی خشتە و ئەولەویەت بەکاربێت.
حکومەت پلانی دانابوو لە قۆناغی یەکەم، کەرتی تەندروستی و ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 75 ساڵە، ڤاکسینەکە وەربگرن، وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتەش سەکۆیەکی دامەزراندووە بۆ ناونووسکردنی ئەوانەی دەیانەوێت خۆیان بکوتن، ئەگەر مەرجەکانیان تێدایە، راشیگەیاندووە بەبێ جێبەجێکردنی ئەو ئالییەتە، ڤاکسین لە کەس نادرێت.
عەبدولرەحمان بەزری، سەرۆکی لیژنەی نیشتمانیی هەڵمەتی کوتانی کۆرۆنا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئەمەی روویدا، پێشێلکردنێکە کە ناتوانین لێی بێدەنگ بین، هەوڵێکە بۆ جیاکردنەوەی کۆمەڵێک کەس... نابێت هیچ کەسێک، جا هەر کەسێک بێت، ئەو پلانە پێشێل بکات".
کوتانی پەرلەمانتاران بە ڤاکسینی کۆرۆنا، دەنگۆیەکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناوەتەوە، بەهۆیەوە نەوەک تەنیا ئەو ژمارەی پەرلەمانتاران، بەڵکو هێرشکراوەتە سەر تەواوی سیاسەتمەدارانی وڵات.
سارووج کومار، بەڕێوەبەری بانکی نێودەوڵەتی لە تویتەر رایگەیاند "ئەگەر دڵنیابووینەوە لەو پێشێلکارییە، رەنگە بانکی نێودەوڵەتی پارەدارکردنی هەڵمەتی کوتانەکە و پاڵپشتیی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە هەموو لوبنان بووەستێنێت"، راشیگەیاند "داواتان لێدەکەم هەر چ پلە و پۆستێکتان هەیە، تکایە خۆتان لە سەکۆی ڤاکسینی کۆرۆنا تۆماربکەن و بەپێی رێوشوێنەکان ڤاکسین وەربگرن".
هـ.ر.