سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق دەکات
سەرۆکی حکومەت: هەرێمی کوردستان وەك هەمیشە فاکتەرێکی گرنگیی ئاسایش و سەقامگیریی دەبێت لە ناوچەکەدا
K24- ههولێر:
ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/2/24 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا بارودۆخی عێراق و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا تاووتوێ کرا.
باڵیۆزی ئەمەریکا پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی لە بەرامبەر هەڕەشەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان، بە تایبەتی دوای هێرشە تیرۆریسیتیەکەی شاری هەولێر. سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمیشی کرد بۆ لێهاتوویی و شارەزاییان لە مامەڵەکردن لە گەڵ هێرشە تیرۆریستییەکە و دەستبەجێ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکردن بە هەماهەنگیی لە گەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان.
باڵیۆزی ئەمەریکا ئاماژەی بە پێگەی گرنگ و ستراتیجی هەرێمی کوردستان کرد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. گوتیشی: بە هەماهەنگیی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و ھەرێمی کوردستان، کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە، باجی تاوانەکەیان بدەن و بە سزای خۆیان بگەن.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان وەك هەمیشە، فاکتەرێکی گرنگیی ئاسایش و سەقامگیریی دەبێت لە ناوچەکەدا.
H.B