شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا: نابێت لایه‌نه كوردییه‌كان به سه‌ركز كردن له كه‌ركووك بن و باشتره به‌جێی بهێڵن
ئه‌و ته‌عریب و راگواستنه‌ی ئێستا هه‌یه، میراتی رژێمی پێشووه بۆ ئه‌م "رژێمه"ی ئێستا ماوه‌ته‌وه.
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ تیمه‌كانی قائیمقامیه‌ت و هێزه ئه‌منییه‌كان ژماره‌یه‌ك خانووی هاووڵاتیانی كوردیان له گه‌ڕه‌كی ئینزباتخانه‌ی كۆن له شاری كه‌ركووك رووخاند. په‌رله‌مانتاری پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، رای وایه نابێت كورد شه‌رعیه‌ت به پرۆسه‌ی ته‌عریبی كه‌ركووك بداته‌وه و راشیگه‌یاند، ئه‌و ته‌عریب و راگواستنه‌ی ئێستا هه‌یه، میراتی رژێمی پێشووه بۆ ئه‌م "رژێمه"ی ئێستا ماوه‌ته‌وه.
تیمه‌كانی ئیداره‌ی شاره‌كه رایانگه‌یاندووه، ئه‌و خانووانه به زیاده‌ڕۆیی درووست كراوون. له به‌رامبه‌ردا هاووڵاتیانی كورد ده‌ڵێن: هێزه ئه‌منییه‌كان به زه‌بری هێز و توندوتیژی شۆفڵیان له خانووه‌كانیان داوه.
له‌و باره‌یه‌وه، ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، له لێدوانێكدا بۆ كوردستان24، رایگه‌یاند، هه‌ڵمه‌تی ته‌عریب و راگواستنی كورد و داگیركردنی زه‌وی هاووڵاتیانی كورد له كه‌ركووك، بابه‌تێكی بۆماوه‌ییه و له رژێمی پێشووی به‌عسه‌وه بۆ رژێمی ئێستا ماوه‌ته‌وه.
گوتیشی: ئه‌وان له‌و بڕوایه‌دان، سه‌ركردایه‌تی سیاسی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان سه‌رقاڵی دانووستان و وتوێژ له باره‌ی بودجه و موچه‌وه كردووه وپێیان وایه ئێستا كاتێكی گونجاوه بۆ ته‌عریب كردنی كه‌ركووك و حكومه‌تی هه‌رێم نایپرژێته سه‌ر ئه‌و ناوچانه.
هه‌روه‌ها گوتی: له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵه‌وه مۆڵه‌تی نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی دوبز و داقوقیان بۆ عه‌ره‌بی هاورده وه‌رگرتووه و خه‌ریكی ئه‌و كاره‌ن.
شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، باسی له‌وه‌شكرد، له سایه‌ی ته‌عریب و راگواستنی كورد، پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌كان له كه‌ركووك مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوونی له‌سه‌ره.
روونیشیكرده‌وه، بڕیاره‌كانی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كاریان پێ ناكرێت و چ له كه‌ركووك و چ له شنگال حه‌شد گوێ به‌و بڕیارانه نادات، چونكه به پێی بڕیاره‌كان ده‌بوایه باره‌گای لایه‌نه كوردییه‌كان چۆڵ بكرێت و راده‌ست بكرێنه‌وه، به‌ڵام تا ئێستا هیچ نه‌كراوه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌سه‌رده‌می به‌عسدا كورد شه‌رعیه‌تی به ته‌عریب نه‌ده‌دا، به‌ڵام ئێستا هه‌ندێك لایه‌نی كوردیی له كه‌ركووك و ئه‌وه‌ش شه‌رعیه‌تدانه به‌و پرۆسه‌یه و باشتره ئه‌و لایه‌نانه ئه‌گه‌ر دژی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ن ده‌نگ به‌رز بكه‌نه‌وه و ئه‌گه‌ر هیچیان پێ ناكرێت، ده‌توانن به‌جێی بهێڵن باشتره، چونكه لانیكه‌م شه‌رعیه‌ت به‌و پرۆسه‌یه ناده‌ن.
له‌و باره‌یه‌وه گوتی: "حزب و لایه‌نه سیاسییه كوردییه‌كان نابێت به سه‌ركز كردن ئاماده بن له‌و شاره، باشتره به‌جێی بهێڵن، چونكه به‌جێهێشتنی باشتره له‌وه‌ی له شارێكدا بیت و شه‌رعیه‌تی پێ بده‌یت و ده‌سه‌ڵاتیشت نه‌بێت. پێش 2003 ئێمه شه‌رعیه‌تمان به سیاسه‌تی به‌عس نه‌ده‌دا و دوای 2003 هه‌موومان هه‌ڵوه‌شانده‌وه، به‌ڵام ئێستا خۆمان له‌وێین، ناتوانین سبه‌ی تانه له بڕیاره‌كانیش بده‌ین و ده‌ڵێن خۆتان له‌وێ بوون و ئاماده‌بوون له‌و شاره".
هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌وان نه‌ك ته‌نیا ته‌عریب، به‌ڵكو هه‌ڵمه‌تێكی تائیفی به شیعهكردنیش به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.