روانگەی عێراقی سەوز: پیسبوونی هەوا لە بەغدا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار
روانگەی ژینگەیی عێراقی سەوز جەختیدەکاتەوە، پیسبوونی هەوا لە بەغدا بەهۆی رێکارە بێ ئەنجامەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرامبەر دۆسیەی چالاکییە سەرپێچیکارەکان لە سنووری ژینگەی پایتەختدا بەردەوامە، هاوکات لێدوانە فەرمییەکانیشی سەبارەت بە راگرتنی ئەو چالاکییانە بە "نادروست" وەسفکرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026، روانگەکە لە نوێترین راپۆرتیدا روونیکردەوە، پیسبوونی هەوا لە بەغدا چەند مانگێکە بەردەوامە و لە چەند رۆژی رابردووشدا بەهۆی ئەو چالاکییانەی سەرپێچیی پێوەرە ژینگەییەکان دەکەن، بەتایبەت کارگەکانی خشت و قیڕ، توندتر بووەتەوە. روانگەکە ئاماژەی بە بوونی نزیکەی 8 هەزار چالاکیی سەرپێچیکار لە پایتەخت کرد کە پابەندی پێوەرە فەرمییەکانی ژینگە نین.
هەروەها روونیکردەوە، سەرجەم ئەو لێدوانانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە داخستنی چالاکییە ژینگەییە زیانبەخشەکان خستوویانەتەڕوو نادروست بوون، بەڵگەی ئەوەش بەردەوامبوونی پیسبوونەکەیە لە بەغدا، کە کاریگەرییەکەی بۆ پارێزگاکانی دەوروبەریش درێژ بووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، 48 وێستگەی چاودێریکردنی هەوای دەوروبەر لە 11 پارێزگادا هەن بۆ پێوانەکردنی پیسکەرە سەرەکییەکانی هەوا، وەک گازەکان، تەنۆلکە هەڵواسراوەکان، تۆزی نیشتوو و ئاوێتە ئەندامییە هەڵمبووەکان، بەڵام ئەو وێستگانە تووشی لەکارکەوتن دەبن، ئەمەش توانایان بۆ دابینکردنی ئەنجامەکان پەکدەخات.
روانگەکە ئاشکرایکرد، زیانلێکەوتووترین ناوچە لەم پیسبوونە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی بیسمایەیە، کە دەبوو کۆمەڵگەیەکی نموونەیی دوور لە قەرەباڵخی و ژاوەژاو بێت، بەڵام نزیکیی کارگەکانی خشت و قیڕ لێی، وایکردووە ببێتە پیسترین کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە بەغدا.
راپۆرتەکە هۆشداریدا لە مەترسیی تێکەڵبوونی ئاوی دیجلە لەگەڵ ئاوەڕۆ لە رووباری دیالەدا لە وەرزی زستان و کاتی بارانبارینی بەخوڕ، کە دەبێتە هۆی پچڕانی ئاو لە کۆمەڵگەی بیسمایە و ناوچەکانی دەوروبەری.
روانگەی عێراقی سەوز داوای گرتنەبەری رێکاری خێرا دژی چالاکییە سەرپێچیکارەکان دەکات و هۆشداری دەدات، بەرزبوونەوەی پیسبوونی هەوا دەبێتە هۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی جەڵتەی مێشک و دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و تەنگەنەفەسی، هەروەها لە ماوەی دوورمەوداشدا رۆڵی لە زیادبوونی تووشبوون بە شێرپەنجەدا دەبێت. روانگەکە جەختیکردەوە، بەغدا ئێستا لە ریزبەندی ئەو ناوچانەدایە کە ژینگەکەی بۆ چینە هەستیارەکان وەک منداڵان، بەساڵاچووان، ئافرەتانی دووگیان و نەخۆشەکان ناتەندروستە.