حەیدەر شەشۆ: پلان هەیە ''هیلالی شیعی'' لە شنگال دروست بکرێت
هێزەکانی حەشدی شەعبی بێ فەرمانی حکومەتی عێراق جێگیر کراون
K24- هەولێر:
لە ماوەی 10 رۆژ سێ لیوای حەشدی شەعبی لە شنگال جێگیرکراون، لەوبارەیەوە حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی پاراستنی ئێزدیخان، هۆشداریی دەدات.
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی پاراستنی ئێزدیخان، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەو هێزانەی حەشدی شەعبی کە لە سنووری شنگال جێگیرکراون، هاتوون تاوەکو فشار لەسەر خەڵکی شنگال دروست بکەن و کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بکەن. لیواکانی حەشدی شەعبی بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ و حکومەتی عێراق نەهاتوون".
راشیگەیاند: "بڕوام وایە دەیانەوێت لە شنگال پلانی هیلالی شیعی ئەنجام بدرێت. پێمان وایە وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی نێودەوڵەتی، چاویان بڕیوەتە شنگال".
ئەوەشی خستەڕوو: "نەتەوە یەکگرتووەکان خێری تێدا نەماوە و بووەتە جێی ململانێ. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵ بۆ چارەسەری کێشەی شنگال نادرێت".
هۆشداری دا، ئەگەر هەر جەنگێکی نوێ لە شنگال ئەنجام بدرێت، ئەوا مەترسی دەکەوێتە سەر مانەوەی شنگال و خەڵکەکەی.