وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا: هێرشه‌كه‌مان ئامانجێكی "درووستی" پێكا
وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، لوید ئۆستن، رایگه‌یاند، ئه‌و هێرشه‌ی دوێنێ ئه‌مه‌ریكا كردییه سه‌ر گرووپه چه‌كداره‌كان له سنووری سووریا "ئامانجێكی درووستیان" پێكا.
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، لوید ئۆستن، رایگه‌یاند، ئه‌و هێرشه‌ی دوێنێ ئه‌مه‌ریكا كردییه سه‌ر گرووپه چه‌كداره‌كان له سنووری سووریا "ئامانجێكی درووستیان" پێكا.
له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان، "ئۆستن" گوتی: "دڵنیایین ئه‌و ئامانجه‌ی له سووریا پێكراوه، هه‌مان ئه‌و ئامانجه‌یه، كه لێیه‌وه گرووپه چه‌كدارییه‌كان هێرشه مووشه‌كییه‌كانیان جێبه‌جێكردووه".
روونیشیكرده‌وه، ئه‌و هێرشه له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاری "وردی"ی هه‌واڵگری ئه‌نجامدراوه، كه لایه‌نی عێراقی ئه‌و زانیاریانه‌ی كۆكردووه‌ته‌وه و پێیان داوین.
له‌و باره‌یه‌وه، رۆژنامه‌ی "نیویۆرك تایمز" له زاری به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكاییه‌وه بڵاویكرده‌وه، "ئه‌و هێرشه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ئه‌و پێگه سه‌ربازیانه‌ی گرووپه چه‌كدارییه‌كان كاردانه‌وه‌یه‌كی بچووكه".
هێرشه‌كه خۆی له ئاراسته‌كردنی حه‌وت بۆمب به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك خانوو و پێگه‌ی سه‌ربازی گرووپه‌كان له سنووری سووریا ده‌بینێته‌وه، كه زانیاری هه‌بووه ئه‌و خانووانه له لایه‌ن چه‌كداره‌كانه‌وه به مه‌به‌ستی گواستنه‌وه‌ی چه‌ك و چه‌كدار له نێوان عێراق و سووریا به‌كارهێنراوون.
"جۆن كێربی"، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا له‌و باره‌یه‌وه رایگه‌یاندووه، به وردی چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌ك كراونه‌ته ئامانج، كه ده‌كه‌ونه نزیك خاڵه‌كانی چاودێری سنووری عێراق و سووریا و ئه‌و گرووپانه‌ی له لایه‌ن ئێرانه‌وه پشتیوانیان لێده‌كرێت، به تایبه‌تی "كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵای عێراق و كه‌تیبه‌كانی سه‌یدولشوهه‌دا" به‌كاریان هێناوون. هێرشه‌كه‌ش وه‌ك وه‌ڵامێك بووه بۆ ئه‌و هێرشه‌ی به‌م دواییه كرایه سه‌ر هێزه ئه‌مه‌ریكاییه‌كان.
میدیای ئه‌مه‌ریكایی بڵاویكرده‌وه، له هێرشه‌كه‌دا فڕۆكه‌ی "ئێف15" به‌كارهاتووه و ژماره‌یه‌ك چه‌كدار كوژراوون.
روانگه‌ی سووریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، بڵاویكرده‌وه، لانیكه‌م (17) كه‌س له چه‌كدارانی ئه‌و گرووپانه‌ی له لایه‌ن ئێرانه‌وه پشتیوانی ده‌كرێن، كوژراوون.
به‌رپرسێكی پێشووی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا روونیكردووه‌ته‌وه، هێرشه‌كه له سنووری سووریا ئه‌نجامدراوه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا خۆی له كاردانه‌وه‌ی دیپلۆماسی عێراق به‌دوور بگرێت.