ئیسرائیل: ئێران له‌ سووریا چوار ئامانجی سه‌ره‌كی هه‌یه‌

ئه‌فسه‌رێكی هه‌واڵگری ئیسرائیل رایگه‌یاند، ئێران له‌ وڵاتێكی لاوازی وه‌ك سووریا بنكه‌ی سه‌ربازی دامه‌زراندووه‌ بۆ پاراستنی میلیشیاكانی نه‌ك بۆ پارێزگاری له‌ رژێمی سووریا.

گرووپه‌ چه‌كدارییه‌كانی لایه‌نگری ئێران له‌ سووریا
گرووپه‌ چه‌كدارییه‌كانی لایه‌نگری ئێران له‌ سووریا

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌فسه‌رێكی هه‌واڵگری ئیسرائیل رایگه‌یاند، ئێران له‌ وڵاتێكی لاوازی وه‌ك سووریا بنكه‌ی سه‌ربازی دامه‌زراندووه‌ بۆ پاراستنی میلیشیاكانی نه‌ك بۆ پارێزگاری له‌ رژێمی سووریا.

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ بێ ئه‌وه‌ی ناوی بهێنرێت، به‌ "فرانس پرێس"ی وتووه‌: ئێران چوار ئامانجی هه‌یه‌ له‌ سووریا.

روونیكردووه‌ته‌وه‌، ئامانجه‌كانی ئێران بریتین له‌: بنیاتنانی توانای سه‌ربازی ستراتیژی، كۆگاكردنی ئامرازی جه‌نگی به‌ تایبه‌تی له‌ دێرزوور و ئه‌لبوكه‌مال و ته‌دمور، ئامانجی ئابووری و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و خه‌رجییه‌ی له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا له‌ سووریا كردوویه‌تی و چواره‌میشیان: به‌ شیعه‌كردن و هه‌نارده‌كردنی "شۆڕشی ئیسلامی" بۆ سووریا.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، میلیشیا ئێرانییه‌كان له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی نێوان عێراق و سووریا، سه‌رقاڵی بنیاتنانی بنكه‌ی سه‌ربازی و به‌هێزكردنی توانا سه‌ربازییه‌كانیانن.

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ ئه‌وه‌شی وتووه‌: به‌ هۆی ئه‌و بۆردومانانه‌ی ده‌كرێته‌ سه‌ر هێزه‌ ئێرانییه‌كان، سووریا نه‌بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی هێزی ئێران، به‌ڵكو پێی شكاوه‌ و سوكایه‌تی پێ ده‌كرێت تێیدا.

دوێنێ فڕۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ژماره‌یه‌ك پێگه‌ی گرووپه‌ چه‌كدارییه‌كانیان له‌ ناوچه‌كانی نێوان سووریا و عێراق بۆردومان كرد.

وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، لوید ئۆستن، رایگه‌یاند، ئه‌و هێرشه‌ی دوێنێ ئه‌مه‌ریكا كردییه‌ سه‌ر گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ سنووری سووریا "ئامانجێكی درووستیان" پێكا.

له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان، "ئۆستن" گوتی: "دڵنیایین ئه‌و ئامانجه‌ی له‌ سووریا پێكراوه‌، هه‌مان ئه‌و ئامانجه‌یه‌، كه‌ لێیه‌وه‌ گرووپه‌ چه‌كدارییه‌كان  هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كانیان جێبه‌جێكردووه‌".

روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌و هێرشه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاری "وردی"ی هه‌واڵگری ئه‌نجامدراوه‌، كه‌ لایه‌نی عێراقی ئه‌و زانیاریانه‌ی كۆكردووه‌ته‌وه‌ و پێیان داوین.

له‌و باره‌یه‌وه‌، رۆژنامه‌ی "نیویۆرك تایمز" له‌ زاری به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكاییه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌، "ئه‌و هێرشه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ئه‌و پێگه‌ سه‌ربازیانه‌ی گرووپه‌ چه‌كدارییه‌كان كاردانه‌وه‌یه‌كی بچووكه‌".

هێرشه‌كه‌ خۆی له‌ ئاراسته‌كردنی حه‌وت بۆمب به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك خانوو و پێگه‌ی سه‌ربازی گرووپه‌كان له‌ سنووری سووریا ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ زانیاری هه‌بووه‌ ئه‌و خانووانه‌ له‌ لایه‌ن چه‌كداره‌كانه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی گواستنه‌وه‌ی چه‌ك و چه‌كدار له‌ نێوان عێراق و سووریا به‌كارهێنراوون.

"جۆن كێربی"، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا له‌و باره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌، به‌ وردی چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌ك كراونه‌ته‌ ئامانج، كه‌ ده‌كه‌ونه‌ نزیك خاڵه‌كانی چاودێری سنووری عێراق و سووریا و ئه‌و گرووپانه‌ی له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتیوانیان لێده‌كرێت، به‌ تایبه‌تی "كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵای عێراق و كه‌تیبه‌كانی سه‌یدولشوهه‌دا" به‌كاریان هێناوون. هێرشه‌كه‌ش وه‌ك وه‌ڵامێك بووه‌ بۆ ئه‌و هێرشه‌ی به‌م دواییه‌ كرایه‌ سه‌ر هێزه‌ ئه‌مه‌ریكاییه‌كان.

میدیای ئه‌مه‌ریكایی بڵاویكرده‌وه‌، له‌ هێرشه‌كه‌دا فڕۆكه‌ی "ئێف15" به‌كارهاتووه‌ و ژماره‌یه‌ك چه‌كدار كوژراوون.

روانگه‌ی سووریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، بڵاویكرده‌وه‌، لانیكه‌م (17) كه‌س له‌ چه‌كدارانی ئه‌و گرووپانه‌ی له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێن، كوژراوون.

به‌رپرسێكی پێشووی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا روونیكردووه‌ته‌وه‌، هێرشه‌كه‌ له‌ سنووری سووریا ئه‌نجامدراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا خۆی له‌ كاردانه‌وه‌ی دیپلۆماسی عێراق به‌دوور بگرێت.