بەڵگەنامەكان گفتوگۆكانی مارگرێت تاتچەر ئاشكرا دەكات لە دوای داگیركردنی كوهیت لە لایەن سەدامەوە
"وەك ھیتلەر رەفتاری دەكرد"
K24 – ھەولێر:
سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەریتانیا، مارگرێت تاتچەر لەدوای داگیركردنی كوهیت لە ساڵی 1990، سەرۆكی ئەو كاتی عێراق، سەدام حوسێن بەراوردكردووە بە ئەدولف ھیتلەر، بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی "ئیندیپندنت"ی بەریتانیا.
ئەو بەڵگانەی سیفەتی نھێنییان لەسەر لابردراوە و پەیوەستن بە شەڕی یەكەمی كەنداو، ئاشكرایانكردووە، سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەریتانیا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رێكەوتوون لەسەر ئەوەی، سەرۆكی عێراق "وەك ھیتلەر رەفتاری دەكرد" دوای ھێرشكردنی بۆ سەر دەوڵەتێكی ھاوسێ.
"دیكتاتۆرێكی خۆپەرستی ملھوڕ"
ھاوكات لەگەڵ ساڵیادی 30 ساڵەی "گەردەلوولی بیابان"، كە بە ئازادكردنی كوهیت كۆتایی ھات، بەڵگەنامەكان دەڵێن: تاتچەر وەك "دكتاتۆرێكی خۆپەرست و ملھوڕ" تەماشای سەدامی دەكرد.
سكرتێری تایبەتی داونینگ ستریت، كارۆلین سلۆكۆك یاداشتنامەیەكی ئاراستەی سایمۆن گاس، یاریدەدەری وەزیری درەوەی بەریتانیای كردووە لە 19 ئابی 1990، تێیدا بەوردی روونیكردووەتەوە، تاتچەر چۆن لەگەڵ وەزیری دەرەوە، دۆگلاس ھێرد قسەی كردووە لە بارەی پێشھاتەكانی دۆخی سەربازی لە میانی گفتوگۆیەكی تایبەتدا لە ئێوارەی رۆژی پێشوودا.
لە نامەكەدا ھاتووە: "سەرۆك وەزیران (بەریتانیا) و وەزیری دەرەوە رێككەوتوون لەسەر ئەوەی، بە بارمتەگرتنی بیانییەكان و دەستبەسەركردنیان لە نێو دەزگا سەرەكییەكاندا زۆر مەزندەكراوە"، بەپێی نامەكە.
گوتیشی: "سەدام حوسێن وەك ھێتلەر رەفتاری دەكرد و شەڕی دەروونیی بەكار دەھێنا. لەوانەیە ئامانجی (سەدام) لەو كارە وروژاندنی كاری دوژمنكارانە بێت. سەرۆك وەزیران جەختیكردووهتهوە لەسەر گرنگی لێكۆڵینەوەی وردی شانشینی یەكگرتوو لە تاكتیكە شەڕییە دەروونییەكان (سەدام حوسێن) و وەڵامدانەوە بە شێوازێكی گونجاو".
"لێخۆشبوون نییە"
ئەو بەڵگەنامانەی پێشوو لە ئەرشیفی نیشتیمانی پارێزراون و بەدیاردەخەن، تاتچەر و سەرۆك وەزیرانی دوای خۆی، جۆن میجەر دواتر ھەر لە ھەمان ساڵدا گفتوگۆیان لەسەر شەڕی كەنداو كردووە.
مێجەر بۆ تاتچەری نووسیوە: "بێگومان رەفتارەكانی دكتاتۆری عێراق ھەرگیز لێخۆشبوونیان نییە" و دەبێت شانشینی یەكگرتوو "خۆی لە ململانێیەكە بەدوور نەگرێت".
داگیركردنی كوهیت لە لایەن عێراقەوە ئیدانەكردنێكی نێودەوڵەتیی بەخۆیەوە بینی و ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی دەستبەجێ سزای ئابووریی بەسەر عێراقدا سەپاند.
ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێكھێندرا بەسەركردایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكان و توانیان لە ساڵی 1991 كوهیت ئازاد بكەن و ھێزەكانی عێراق لە كوهیت دەربخەن.
سەرچاوە: "الحرة"