عێراق (5) ھەزار ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ ھەرێمی كوردستان دەنێرێت
ڤاكسینهكه سەرەتا لەكەسانی پێویست و كارمهندانی تەندروستی دەدرێت
K24- ههولێر:
لە چەند رۆژی داھاتوودا، ڤاكسینی كۆرۆنا دەگاته عێراق، وا بڕیارە بەغدا لەو بڕەی بۆی دێت، بڕی (5) ھەزار پێكوتە بۆ ھەرێمی كوردستان بنێرێت، دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر رایگهیاند، ئەم ھەفتەیە ڤاكسینەكە دەگات و سەرەتا لەكەسانی پێویست و كارمهندانی تەندروستی دەدرێت، بەتایبەت ئەوانەی كە نزیكن لە تووشبووانەوە.
بڕیارە ئەم ھەفتەیە ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بگاتە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، ئەمەش دوای ئەوەی لە چەند رۆژی داھاتوودا وا بریارە بگاتە عێراق، وەزارەتی تەندروستی عێراق لە قۆناغی یەكەمدا، بڕی (5) ھەزار پێكوتە بۆ ھەرێمی كوردستان دەنێرێت.
دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر گوتی: "دوای گهیشتنی (5) ههزار ڤاكسینهكه، سهرهتا بۆ كارمهندانی تهندروستی بهكاردههێنرێت، له ههولێر نهخۆشخانهی رزگاری ئامادهكراوه و له سۆرانیش بنكهی كۆرۆنا، بۆ پێدانی پێكوتهكه به كارمهندانی تهندروستی".
بەشی ھەولێری پایتەخت، (2) ھەزار پێكوتە دەبێت، واتا دەتوانرێت بۆ ھەزار كەس بەكاربھێنرێت، لەبەر ئەوەی ھەر كەسێك بەكاری بێنێت، پێویستە دوو جار پێكوتەكەی لێبدرێت، بەشێك لە ھاوڵاتییانیش ئامادەن بەكاری بێنن.
ئێستا زۆرینەی ئەو كەسانەی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبن، ھەڵگری جۆرە نوێیەكەی ڤایرۆسەكەن، بۆ ئەمەش وەزارەتی تەندروستی داوا لە ھاوڵاتییان دەكات، له جێبەجێكردنی رێكارەكانی خۆپارێزی بەردەوام بن، تا پارێزراوبن.
د.ی