بارزانى: بۆ تێکشکاندنی داعش تەنیا رووبەڕووبوونەوەی سەربازی بەس نییە

جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.

K24 – هه‌ولێر:

مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، له‌ سه‌لاحه‌دين پێشوازی لە سەید مەحمود عەلەوی وەزیری ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی رەهبەری و شاندێکی یاوەری کرد کە لە ژمارەیەک یاریدەدەر و راوێژکارانی وەزارەت پێکهاتبوو.

لە دیدارەكەدا کە مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئامادەی بوون، وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران خۆشحاڵیی خۆی بەو دیدارە راگەیاند و سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ رەخساندنی دەرفەتی دیدارەکە.

له‌و باره‌يه‌وه‌ ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ ديداره‌كه‌دا وه‌زيرى ئيتڵاعاتى ئێران بۆچوونی وڵاتەکەی لەبارەی رەوشی سیاسیی عێراق و ناوچەکە خستەڕوو و جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. دواتر داوای لە بارزانی کرد کە پێشبینی و بۆچوونی خۆی لەبارەی رووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە بخاتەڕوو.

ماڵپه‌ڕه‌كه‌ ئه‌وه‌شى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌دا، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، کورتەیەکی لەسەر رەوشی مەیدانیی بەرەکانی شەڕ لەگەڵ تیرۆریستان و بارودۆخی سیاسیی عێراق بۆ شاندی میوان خستەڕوو و جەختی لەوە كردەوە كە شەڕی داعش پێویستی بە هەماهەنگی و هاوكاریی جدیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و بۆ تێکشکاندنی تەواوی داعش تەنیا رووبەڕووبوونەوەی سەربازی بەس نییە بەڵكو پێویستە لە رووی فكری و ئابووری و سیاسیشەوە داعش و هزری توندڕۆیی تێکبشكێندرێت.

هەر لەو دیدارەدا باس لە ئامادەكارییەكان بۆ رزگاركردنی موسڵ و پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێم كرا و لەبارەی دوا پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەکە، بیروڕا ئاڵۆگۆڕ كرا.