پۆڵۆنیا کاروانێکى دیکەى هاوكاری پزیشکیی پێشکەش بە هەرێمى کوردستان کرد

نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پۆڵۆنیا له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك و هاوكاری بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی نیشته‌جێی هه‌رێم به‌رده‌وامه‌

كاتی گه‌یشتنی كاروانی هاووكارییه‌ پزیشكییه‌كانی حكومه‌تی كۆماری پۆڵۆنیا بۆ هه‌رێمی كوردستان
كاتی گه‌یشتنی كاروانی هاووكارییه‌ پزیشكییه‌كانی حكومه‌تی كۆماری پۆڵۆنیا بۆ هه‌رێمی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/3/3 لە چوارچێوەى هەوڵەکانى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەى حکومەتی هه‌رێمی كوردستان بۆ بەدەستهێنانى کۆمەك و هاوكاری بۆ ئاوارە و پەنابەران و هاوكاری پزیشکى بۆ رووبەڕووبوونەوەى پەتاى کۆرۆنا، لە رێوڕەسمێکدا حکومەتى پۆڵۆنیا بە ئامادەبوونى باڵیۆزى پۆڵۆنیا لە عیراق، کونسوڵى گشتى ئەو وڵاتە لە هەرێمی كوردستان، نوێنەرانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و وەزارەتى تەندروستى، بڕى 3.5 تەن لە کەل و پەل و پێداویستى پزیشکى پێشکەش بە وەزارەتی تەندروستی حکومەتى هەرێم کرد.

لەوبارەیەوە سەفین دزەیی، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمی كوردستان به‌رامبه‌ر ئه‌و هاوكارییانه‌ سوپاسی حكومه‌تی پۆڵۆنیای كرد و رایگه‌یاند، پشتیوانییەکانى کونسوڵگەری گشتیی پۆڵۆنیا لە هەرێم و باڵیۆزخانەی ئه‌و وڵاته‌ لە بەغدا و وەزارەتی دەرەوەی پۆڵۆنیا بەرز دەنرخێنین، بەتایبەت لەم ساتەوەختە پێویستەدا.

لای خۆشییه‌وه‌ زیاد رەئوف، نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە پۆڵۆنیا رایگەیاند، حکومەتی پۆلۆنیا و دەسەڵاتە خۆجێیەکانیان و دامودەزگا خێرخوازیەکانیان دەیان کاروانی یارمەتیان بە بارھەڵگر و فڕۆکەی تایبەت ناردووە بۆ ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان.

راشیگه‌یاند، نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوامە لە هه‌وڵه‌كانی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی تازەترین پێداویستی و هاوكاری لۆجیستی و مرۆیی.

گوتیشی: جگە لە یارمەتیە مادییەکان پۆلۆنیا لەسەر پێشنیاز و ھەوڵەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم خەڵاتی نێودەولەتی (سێرگیۆ دەمێلۆی) بەخشییه‌ دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ چالاکیەکانیان لە گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ ئاوارەکان.

H.B