سەردانی پاپا فرانسیس بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە میدیای ئیتاڵیدا بە گرنگیەوە باسکرا
پاپا بە باوکی ئالان کوردی گوت: هەست بە ئازاری قوڵت دەکەم
.jpg)
K24- ئەوروپا:
سەردانی پاپا فرانسیس، پاپای فاتیکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بە گرنگییەوە لە میدیاکانی ئیتاڵیا و ئەوروپا بەگشتی، دەنگی دایەوە، بەتایبەتیش ئەم سەردانەی پاپا لەدوای ساڵی 2019ـوە یەکەم سەردانی بۆ دەرەوەی ڤاتیکان بوو.
ئەمڕۆ لەمەراسیمێکی شکۆداردا، لە یاریگای فرانسوا هەریری لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان (ئەو یاریگایەی ناوی کەسایەتییەکی مەسیحی وەک یەکێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانی هەڵگرتووە) نوێژی قەداسی بە ئامادەبوونی گەورە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
لەپەخشی راستەوخۆ و رووماڵی کەناڵی سەرەکی رای یەک دا، لە یاریگای فرانسوا هەریریەوە، لەکاتی وەرگێڕانەکانی قسە و نزاکانی پاپا، بەدەرفەت زانرا لە ستودیۆوە باس لە بەخشندەیی گەلی کورد و مێژووی هەموو ئەو تاوانانەی بەسەر کورددا هاتووە، هەر لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیەکانەوە تاکو دەگاتە رۆڵی حکومەتی هەرێم و پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی سەرسەخترین دوژمنی مرۆڤایەتی (داعش) و شێوازی بێ کێشەی پێکەوەژیانی هەموو ئایین و ئایینزاکان لە کوردستان.
رۆژنامەی کۆریێرە دێللە سێرا، باس لە سڵاوی پاپا فرانسیس دەکات بە بینینی عەبدوڵا کوردی، باوکی ئالان کوردی کە لە کەناراوەکانی تورکیا وەک پەنابەرێک خنکا، رۆژنامەکە دەنووسێت: ''بینینێکی هەست هەژێن بوو، لە دوای کۆتایی نوێژ و نزای قەداسی لە یاریگای فرانسوا هەریری لە هەولێر، کە پاپا فرانسیس ویستی عەبدوڵڵا کوردی باوکی ئەو منداڵەی لەگەڵ دایکی و براکەی لە ئاودا خنکان، لە ئەیلوولی ٢٠١٥ لەگەڵ خێزانەکەی لە هەوڵی گەیشتن بە ئەوروپادا بوون ببینێت، بێرگۆلیۆ (پاپا فرانسیس) کاتێکی زۆری بۆ قسەکردن تەرخانکرد لەڕێی وەرگێڕەوە و گوێی لەو خەم و ئازاری باوکێک گرت، کە باسی لەدەستدانی خێزانەکەی دەکرد و پاپا فرانچێسکۆ لە ناخی دڵەوە هاوبەشی ئەو ئازارە گەورەیەی کرد و هاوخەمی خۆی دەربڕی و بە عەبدوڵڵا کوردی گوت: هەست بە ئازاری قوڵت دەکەم''.
هاوخەمی خۆیشی بۆ هەموو ئەو قوربانیانە دەربڕی، کە لە پێناو ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی، وڵاتی خۆیان جێدەهێڵن و ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە.