حەسەن کەعبی: پێویسته‌ دۆخی شنگال ئاسایی بكرێته‌وه‌

"شنگال لە ناکۆکییە سیاسییەکان دووربخرێتەوە"

دیمەنێكی شنگال
دیمەنێكی شنگال

K24 - ھەولێر

حەسەن کەعبی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ئاوەدانکردنەوەی دەکات.

لە میانی پێشوازیکردنی لە شاندێکی کوردانی ئێزدی قەزای شنگال، حەسەن کەعبی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای کرد، شنگال لە ناکۆکییە سیاسییەکان دووربخرێتەوە و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرپەرشتی راستەوخۆی دۆسیەی ئەو شارە بکات.

هەروەها کەعبی داواشی کرد، دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە و دەست بە ئاوەدانکردنەوەی شارەکە بکرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، رێككەوتن لەنێوان حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق واژۆ كراوە، بەڵام تائێستا حكومەتی عێراق رێككەوتنەكەی جێبەجێ نەكردووە.

كۆبوونەوەی حەسەن كەعبی لەگەڵ ژمارەیەك كەسایەتی شنگال
كۆبوونەوەی حەسەن كەعبی لەگەڵ ژمارەیەك كەسایەتی شنگال