كەشناسی: شەپۆلێكی بارانبارین ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە
بارستە ھەوایەكی سارد روو لە ناوچەكە دەكات.

K24 – ھەولێر
بەگوێرەی پێشبینیەكانی كەشناسی، شەپۆلێكی بارانبارین ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت و بارستە ھەوایەكی سارد روو لە ناوچەكە دەكات.
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان راپۆرتێكی لەبارەی كەشوھەوای چەند رۆژی داھاتوو بڵاوكردەوە و رایگەیاند: "شەپۆلێکى بارانبارین روو لە ناوچەکەمان دەکات، سەرەتاى هاتنى شەپۆلى باران بارینەکە لە ئێوارەى شەوى چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە دەستپێدەکات بە دوو قۆناغ یەکەمیان لە درەنگانى شەوى چوارشەممە دەست پێدەکات زیاتر باران بارینەکە لەسەر ناوچە شاخاوییەکان دەبێت، سەنتەرى پارێزگاکان ئەگەرى نمە بارانى دەبێت. رۆژى پێنجشەممە لە کاتەکانى رۆژدا ئاسمان زیاتر نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما بە نزیکەى 4-6 پلەى سیلیزى و زیاد بوونى خێراى با کە لە هەندێ ناوچە بۆ سەرووى 40 کم لە کاتژمێرێکدا زیاد دەکات، لە شەودا قۆناغى دووەمى باران بارینەکە دەستپێدەکات بارانبارین لە سەرجەم ناوچەکان دەبارێت رۆژى هەینى شەپۆلى باران بارینەکە چالاکتردەبێت و ئاستى بارانبارین لە هەندێ ناوچە لێزمە باران دەبێت رۆژى هەینى لەگەڵ بارانبارین بارستە هەوایەکى سارد روو لە ناوچەکەمان دەکات پلەکانى گەرما بە نزیکەى 6-8 پلە نزم دەکاتەوە، بۆیە لەکاتى بارانبارین ئەگەرى تەزرە بارین دەبێت لە هەندێ ناوچە لەگەڵ بەفر بارین لەسەر لوتکەى شاخە بەرزەکان و ناوچە سنوورییەکان، کاریگەرى ئەم شەپۆلە تا ئێوارەى رۆژى هەینى بەردەوامى دەبێت".
