سەرەی خواردنی هەژاران لە لەندەن کاردانەوەی لێ دەکەوێتەوە
دەیان خێزان لە لەندەن چەند کاتژمێرێک سەرە دەگرن بۆ دەستکەوتنی ژەمە خۆراکێک
K24- هەولێر:
گرتە ڤیدیۆیەک لە لەندەن کە دەیان خێزان نیشان دەدات، بۆ دەستکەوتنی خواردنی خێرخوازی سەرەیان گرتووە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری هەیە.
رێکخراوێکی خێرخوازی نان دەدات بەو کەسانەی هەژارن، بەڵام ژمارەی ئەو کەسانەی دەچنە ئەو شوێنە بۆ دەستکەوتنی ژەمە خۆراکێک زۆرە.
بەگوێرەی هەژماری فەرمی رێکخراوەکە لە تویتەر، لە ماوەی دوو کاتژمێر، خواردنیان بە 785 خێزان داوە.
دەیڤد شنایدەر، ئەکتەری بەریتانی رەخنەی لە رەوشی لەندەن گرتووە نووسیویەتی، تۆریس (نەریتپارێزەکان) 10 ساڵە حکوم دەکەن، ئەمەش سەرەی وەرگرتنی خواردنە لە وڵاتێک کە شەشەم بەهێزترین ئابووری لە جیهان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، باسکردنی کێشەکانی بنەماڵەی شاهانە بۆ ئەوەیە ئەم شتانەمان لە بیربەنەوە.
It’s almost as if the royal family is meant to distract us from things like this: https://t.co/UvkwbYsVC1
— David Schneider (@davidschneider) March 8, 2021