ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەی پێدانی مۆڵەتی خوێندنی پەسەند كرد

گرنگی سه‌ردانه‌كه‌ی پاپا فرانسیس به‌ راپۆرتێك خراوه‌ته‌ڕوو و سه‌رۆك وه‌زیرانیش سوپاسی رێكخه‌رانی رێوڕه‌سمه‌كه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كات

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/3/10 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پیرۆزبایی لە کوردستانییان کرد بە بۆنەی ڕۆژی جلی نەتەوەیی کە چەند ساڵێکە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان،  لە ڕۆژی 10ی ئادار، بە ڕێورەسمی جیاواز، ڕێز لە جلی نەتەوەیی خۆیان دەگرن.

سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بە سەردانی قەداسەتی پاپا کرد و بە سەردانێکی گرنگ و مێژوویی ناوبرد و گوتی، ئەم سەردانە دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان، مەڵبەندێکی گرنگیی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەیە لە ناوچەکەدا. دەستخۆشیشی لە  ڕێکخەران و دەزگا پەیوندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی هێزە ئەمنییەکان کرد، بۆ سەرخستنی سەردانەکە کە سەرکەوتووانە لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەچوو.

پاشان هەر یەک لە پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و سەفین دزەیی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ڕاپۆرتێکیان دەربارەی سەردانی قەداسەتی پاپا و گرنگیی سەردانەکە و دەرئەنجامەکانی بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دوا ڕەشنووسی پڕۆژەی پێدانی مۆڵەتی خوێندنی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو. دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و پێشنیارکردنی چەند تێبینی و هەموارکردنێک ، پڕۆژەکە پەسەند کرا.

كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران 10/3/2021
كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران 10/3/2021