خەجە باوە یەکەم خانمە شەهید و سیمبولی راپەرین لە هەولێر

خەجە باوە چۆن شەهید کرا

وێنەیەکی کێشراوی خەجە باوە و کچەکانی
وێنەیەکی کێشراوی خەجە باوە و کچەکانی

K24- هەولێر:

30 ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵی 1991، لەگەڵ سەرهەڵدان و راپەڕینی خەڵکی هەولێر، لەبەردەم پارێزگای هەولێر، خەجە باوە بە دەستی هێزەکانی بەعس شەهید بوو.

وەک کچەکەی، هێرۆ، دەیگێڕێتەوە: "بەیانی راپەرینی هەولێر هاواری دەکرد، هەستن خەڵکینە. پاشان بەرەو باڵەخانەی پارێزگای هەولێر بەڕێ کەوت، لە بەردەم مەنزومە، هێزە ئەمنییەکانی بەعس گولـلەیەکیان لەسەری دا. پاشان تەرمەکەیان بۆ ماڵەوە ناردەوە''.

یەکێک لە کچەکانی دیکەی خەجێ باوە، بەناوی فەریدە داوا دەکات، پەیکەرێک بۆ دایکی دروست بکرێت، وەک هێمایەک بۆ قوربانی و نەبەردی ژنی کورد. هەروەها تاوەکو دایکی ناوی لە مێژووی کوردا بمێنێتەوە.

شەهید خەجە باوە، لە ساڵی 1945 لە گوندی مەلا قەرەی دەشتی هەولێر لە دایکبووە. بنەماڵەیەکی نیشتمان پەروەری هەبووە؛ جیا لە خۆی، خوشک و براکانی لە رێگای خزمەتکردنی نیشتمان و بەرگریکردن لێی، گیانیان بەخت کردووە.

خەجە باوە لە ناو هەولێر، کاری بۆ شۆڕشکردووە و وەک دەڵێن، چەکی لە جاشی بەعس سەندووە. یەکەم خانمە شەهیدی راپەرینی هەرێمی کوردستانە.