پێكهاته‌ی كۆتایی هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلاند بۆ یۆرۆی 2016 ئاشكرا كرا

رۆی هۆدسۆن لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی هەڵبژاردەی ئینگلاندی بۆ یۆرۆی ٢٠١٦ راگەیاند و (تیۆ واڵکۆت)ـی یاریزانی ئارسێناڵی دوورخستووەتەوە.

هۆدسۆن هەریەکە لە (مارکۆس راشفۆرد، ئاندرۆس تاونسێند، جاک ویلشێر)ـی بۆ ریزی هەڵبژاردەکە بانگهێشتکردووە، بەڵام واڵکۆتی لەو لیستە ناونووس نەکردووە.

راشفۆردی ١٨ ساڵان کە ئەم وەرزە لەگەڵ مانچێستەر یونایتد ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد، بۆیەکەمجارە بانگهێشتی ریزی هەڵبژاردەکە دەکرێت، کە لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکان لە ٢٦ یاریزان پێک دێت و کۆتایی ئەم مانگە لیستەکە بۆ ٢٣ یاریزان کەمدەکرێتەوە و سێ شیرەکان لە یۆرۆ لە کۆمەڵەی دووەم هاوشانی رووسیا و سلۆڤاکیا و وێلز یاریی دەکەن، کە رۆژی ١٠ی مانگی داهاتوو لە فەرەنسا دەستپێدەکات.