پێلێ: من پادشای تۆپی پێم و له‌ مێسی و ماڕادۆناش باشترم

پێڵێ، ئه‌فسانه‌ی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی برازیل له‌ گفتووگۆیه‌كدا بۆ ده‌زگایه‌كی میدیایی ئاماژه‌ به‌ باشترین گۆڵكاره‌كانی مێژووی تۆپی پێ ده‌كات و خۆشی به‌ پێشه‌نگی گۆڵكاره‌كانی هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانی ئێستا و پێشوو ده‌زانێت.

پێلێ له‌ لێدوانێكدا بۆ La Vanguardia ده‌ڵێت: راسته‌ له‌ 15 ساڵی ڕابردوو مێسی شازاده‌ی تۆپی پێ بووه‌، نامه‌وێت به‌و یاریزانه‌ش‌ بڵێم پادشا، چونكه‌ له‌ مێژووی تۆپی پێدا ته‌نیا یه‌ك پادشا هه‌یه‌ ئه‌ویش منم.

پێلێ گوتیشی: من پاڵه‌وانی 3 مۆندیالم و له‌ مێسی و ماڕادۆناش باشترم، ته‌نانه‌ت دی ستیفانۆی یاریزانی پیشووی یانه‌ی ریال مه‌دریدیش له‌م دوو یاریزانه‌ ئارجێنتیناییه‌ باشتره‌.

پێلێی ته‌مه‌ن 75 ساڵان بۆ ماوه‌ی 18 ساڵ یاریی بۆ یانه‌ی سانتۆس كردووه‌ له‌ نێوان ساڵانی 1957 تا 1971 یاریی بۆ هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی برازیل كردووه‌ و 3 جار جامی مۆندیالی بردۆته‌وه‌.