رووسیا و ئەڵمانیا دوای شەش ساڵ بۆ یەکەم جار کۆبوونەوە
وەزیری دەرەوەی رووسیا دوای کۆبوونەوەیەکی داخراو لەگەڵ یۆهان ڤادفۆل، هاوتا ئەڵمانییەکەی لە نیویۆرک، هێرشێکی توندی کردە سەر بەرلین و دیدارەکەی بە "بێسوود" ناوبرد. لاڤرۆڤ رایگەیاند, ئەڵمانیا دەیەوێت لە بەرامبەر دانیشتن لەگەڵ رووسیا سازش لە دۆسیەی ئۆکراینادا بەدەستبهێنێت، هاوکات جەختی کردەوە ئەڵمانیا وانەکانی مێژووی لەبیرکردووە و هیچ چانسێکی نییە بۆ بەدەستهێنانی کورسیی هەمیشەیی لە ئەنجوومەنی ئاسایش.
شەممە 26ـی ئەیلوولی 2026، لە پەراوێزی 81ـەمین خولی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سێرگی لاڤرۆڤ لەسەر داوای بەپەلەی بەرلین، لەگەڵ یۆهان ڤادفۆل، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووەوە، کە ئەمە یەکەمین دیداری نێوانیان بوو لە سەرەتای ساڵی 2022ـەوە.
لاڤرۆڤ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی وردەکاریی دانیشتنەکە و گوتی: "وەزیری ئەڵمانیا داوای کرد رۆژنامەنووسان ئامادە نەبن، پاشان کۆمەڵێک پەڕەی دەرهێنا و دەستیکرد بە خوێندنەوەی هەمان ئەو تۆمەت و پەیامە فەرمییانەی کە بەرلین رۆژانە دژ بە رووسیا دەیانڵێتەوە. من هیچ شتێکی نوێم لەو پەیامە نەبیست و راستەوخۆ پێم گوت ئەمە دیالۆگ نییە."
وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بە شێوازی مامەڵەی لایەنی ئەڵمانی کرد و رایگەیاند: "وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وا نیشانی دەدا وەک ئەوەی منەت و چاکەیەکی گەورەی لەگەڵ مۆسکۆدا کردبێت کە هاتووە و لەگەڵمان دادەنیشێت، لە بەرامبەر ئەمەشدا داوای دەکرد لە بەرەکانی جەنگی ئۆکراینا سازش بکەین، بەتایبەتی رازی بین بە گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی رێڕەوی دەریای رەش بۆ کەشتییە بازرگانییەکان."
لاڤرۆڤ لە وەڵامدا بە هاوتا ئەڵمانییەکەی گوتووە، ئەوە ئۆکراینایە هێرش دەکاتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان نەک رووسیا، و جەختیشی کردەوە کە ویژدانی مۆسکۆ ئاسوودەیە چونکە لە رابردوودا سەرجەم رێککەوتننامەکانی کیێڤ، مینسک و پاریس لەلایەن ئۆکرایناوە بە چاودێری و بێدەنگیی ئەڵمانیا و فەرەنسا پێشێل کران.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لاڤرۆڤ ئەڵمانیای بە لەبیرکردنی وانەکانی جەنگی جیهانیی دووەم تۆمەتبار کرد و هۆشداریی دایە بەرلین: "ئەڵمانیا بە شێوەیەکی وسواسی و بەردەوام هەوڵ دەدات ببێتە ئەندامی هەمیشەیی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام دەبێت بزانن هیچ چانسێکیان بۆ ئەمە نییە، چونکە خودی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بنەمای تێکشکاندنی نازییەکان لە جەنگی جیهانیی دووەمدا دامەزراوە."
هەروەها لاڤرۆڤ رەخنەی لە پلانەکانی فریدریش مێرتز،راوێژکاری ئەڵمانیا گرت بۆ ئەوەی وڵاتەکەی بکاتەوە بە گەورەترین هێزی سەربازی لە ئەوروپادا، هاوکات بڕیاری داخستنی کونسوڵخانەی رووسیای لە شاری بۆن بە بیانووی نەسەلمێنراوی دۆزینەوەی درۆنێک لە لایپزیگ، بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بەرلین بەرامبەر بە ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی ناوبرد.
سەبارەت بەوەی بۆچی بەرلین لەم کاتەدا داوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مۆسکۆ کردووە، سێرگی لاڤرۆڤ روونی کردەوە، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بە توندی ترسیان لەوە نیشتووە لەو دانوستان و کەناڵە دیپلۆماسییانەی کە لە نێوان ئەمریکا و مۆسکۆدا کراونەتەوە پەراوێز بخرێن، بۆیە لە ئێستادا بە شڵەژان و بێئومێدییەوە هەوڵ دەدەن بە هەر جۆرێک بێت خۆیان بخزێننە نێو پرۆسەکەوە.