بەشێک لە قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە سوید قسە بۆ کوردستان24 دەکەن

"کارەساتی هەڵەبجە برینێکی چارەسەر نەکراوی سەر جەستەمانە"

کارەساتی هەڵەبجە برینێکی چارەسەر نەکراوی سەر جەستەمانە
کارەساتی هەڵەبجە برینێکی چارەسەر نەکراوی سەر جەستەمانە

K24 – ھەولێر:

سوید یەکێک لەو وڵاتانەیە بەشيك له قوربانیانی هەڵەبجە لەوێ دەژین و بەردەوام ئەو رووداوە وەک برینێک لە سەر جەستەیان ماوەتەوە، ئەوان بۆ کوردستان24 دوان، كه چۆن یارمەتی بریندارانی ھەڵەبجەیان داوە و شاھیدی گیان لە داستدانی دەیان کەسيش بوونە.

هەڵەبجە ئەو ئازارەی هەرگیز لەیاد ناکرێت، 16ی ئادار، ئەو رۆژەی بەهۆی کیمیابارانەوە بۆنی سێوی بۆ هەمیشە لە هزری هەڵەبجەییەکاندا کردە بۆنێکی تاڵ. بۆ ئەوان وێنە راستەقینەکان تەنها لە ناو دوو تۆی ئەلبووم و رۆژنامەکان و پەرتووکە چاپکراوەکاندا نین، بەڵکوو لەناو مێشک و دڵیاندا جێیان گرتووە، بۆیە لە ھەر شوێنێک بن ھەڵەبجە ناونیشانیانە.

ئەدیبە سەعید، دانیشتوی ڤێسترۆس لە سوید، کە ئەو کات تەمەنی 18 ساڵ بووە و ھاوسەری پێشمەرگەیەک بووە، لە ناو بارەگاکەیاندا وەک خۆی باسی دەکات یارمەتی بریندارانی ھەڵەبجەی داوە و شاھیدی گیان لە داستدانی دەیان کەس بووە.

سوید یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بەردەوام یارمەتیدەری قوربانیانی ھەڵەبجە بووە و تا وەکوو ئێستاش بە دەیان پرۆژە لە لایەن چالاکوانانی ھەڵەبجەوە و بەیارمەتی سوید بەڕێوە دەچن.