سەرۆکی هەرێم سوپاسی ژاپۆن بۆ هاوکارییەکانیان دەکات
نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ژاپۆن کۆبوونەوە
K24- هەولێر:
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە سوزوکى کۆتارۆ باڵیۆزى ژاپۆن لە عێراق کرد و پەیوەندی نێوان هەرێم و ژاپۆنیان خستە بەر باس.
لە کۆبوونەوەیەکدا هاوکاری و یارمەتییەکانى ژاپۆن بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان، بەتایبەتى ئەو هاوکارییانەى لە رێگەى رێکخراوە ناحکوومییەکانى ژاپۆنەوە پێشکەش دەکرێن، برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمى کوردستان و عێراق لە گەڵ ژاپۆن، دەرفەتى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى ژاپۆنى لە هەرێمى کوردستان، لێکەوتەکانى پەتاى کۆڤید_19، هەڕەشەکانى تیرۆر، دۆخى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و چەند پرسێکى جیى بایەخى هاوبەش، تاوتوێ کران.
باڵیۆزى ژاپۆن لە عێراق وێڕاى ستایشکردنى دۆخى ئارام و سەقامگیریى هەرێمى کوردستان، رایگەیاند کە وڵاتەکەى بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان دەڕوانێت، هەروەها سوپاسى هەرێمى کوردستانى کرد بۆ ئهو ئاسانکارییانەى پێشکەش بە ئاژانسەکان و رێکخراوە ناحکوومییەکانى ژاپۆن دەکرێت و دووپاتى کردەوە کە وڵاتەکەى لە هاوکاریکردن و یارمەتیدانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبێت و بەپێى بوارە پێویستەکان پڕۆژە و کارى خزمەتگوزارى ئەنجام دەدات.
لە کۆبوونەوەکەدا کە خاتوو ناگایاما یۆشیکۆ بەرپرسى نووسینگەى کونسوڵگەریى ژاپۆن لە هەولێر ئامادەى بوو، دۆخى ئاوارە و پەنابەران خرایە بەر باس و هەردوولا هاوڕا بوون کە دەبێ ئاوارەکان بە خواست و ئارەزووى خۆیان بگەڕێنەوە شوێنەکانیان پاش ئەوەى ئارامى و خزمەتگوزارى و دەرفەتى کاریان بۆ دابین دەکرێت.
لە کۆتاییدا نێچیرڤان بارزانى بەبۆنەى تەواوبوونى ئەرک و کارەکانییەوە، سوپاسى خاتوو ناگایاما یۆشیکۆ بەرپرسى نووسینگەى کوسولگەریى ژاپۆنى لە هەولێر کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست.