رەشنووسی پڕۆژە بودجەی عێراق بە جێگیرکردنی داخوازییەکانی کورد چاپكرا
لیژنەی دارایی چاوەڕوانی هاتنی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانە
K24 – بەغدا
پەیامنێری كوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، رەشنووسی پڕۆژە بودجەی ساڵی 2021 بە جێگیرکردنی داخوازییەکانی کورد و شیعە و سوونەوە چاپکرا.
راشیگەیاند، لیژنەی دارایی چاوەڕوانی هاتنی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانە، بۆ باڵەخانەی پەرلەمان تاکو رادەستی بکەن بۆ پەسەندکردنی لە ناو هۆڵی پەرلەمان.
شەوی رابردوو پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 كۆبووەوە، دوای پەسندكردنی چەند ماددەیەك كۆبوونەوەكە بۆ سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دواخرا، ئەمڕۆ جارێكی دیكە كۆبوونەوەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا، بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساكە بدات.