ئه‌سۆشێیتد پرێس: ئێران پلانی بۆ هێرشكردنه سه‌ر بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی له واشنتن داڕشتووه
"به‌شێك له پلانه‌كه كوشتنی ئه‌فسه‌رانی پله باڵای ئه‌مه‌ریكاش له‌خۆ ده‌گرێت و سوپای پاسداران ئاماده‌كاری بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و هێرشانه ده‌كات"

K24- هه‌ولێر:
ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌سۆشێیتد پرێس له راپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه، سوپای پاسدارانی ئێران ئه‌گه‌ری هێرشكردنه سه‌ر بنكه‌ی "فۆرت ماكنێر"ی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكی له واشنتن تاوتوێ كردووه، له‌گه‌ڵ به‌ئامانجكرتنی به‌رپرسه پله باڵاكانی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا "پێنتاگۆن".
ئه‌و ئاژانسه له‌سه‌ر زاری دوو به‌رپرسی پله باڵای ئه‌مه‌ریكی گواستییه‌وه، ئاژانسی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له مانگی رابردوو چه‌ند نامه‌یه‌كی پێگه‌یشتووه، كه سوپای پاسداران ئاماده‌كاری بۆ هێرشێكی هاوشێوه‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كه‌شتیی جه‌نگی "USS Cole" بۆ سه‌ر ئه‌و بنكه سه‌ربازییه له واشنتن ده‌كات، كه ئه‌و كه‌شتییه له مانگی ئوكتۆبه‌ری ساڵی 2000 له ته‌قینه‌وه‌یه‌كدا له‌لایه‌ن خۆكوژێكه‌وه كه له‌ناو به‌له‌مێك له ته‌نیشت كه‌شتییه‌كه وه‌ستابوو، ته‌قێندرایه‌وه و به‌و هۆیه‌وه 17 ده‌ریاوان كوژران.
ئه‌و دوو به‌رپرسه ئه‌مه‌ریكییانه كه نه‌یانویست ئاماژه به ناویان بكرێت، رایانگه‌یاند، هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا ئاشكرایكردووه، هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن له‌سه‌ر جۆزێف مارتن، جێگری سوپاسالاری ئه‌مه‌ریكا هه‌یه و پلانێك بۆ دزه‌كردنه ناو بنكه سه‌ربازییه‌كه داڕێژراوه.
فۆرت ماكنێر یه‌كێكه له كۆنترین بنكه‌ی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكی و باره‌گای فه‌رمیی جۆزێف مارتنه.
به‌گوته‌ی ئه‌و به‌رپرسه ئه‌مه‌ریكییانه، دوای گه‌یشتنی ئه‌و زانیاریانه ئه‌مه‌ریكا رێككاری ئه‌منی له ده‌وروبه‌ری ئه‌و بنكه سه‌ربازییه توندكردووه و ژماره‌یه‌كی زیاتری هێزی سه‌ربازی له ده‌وروبه‌ری كۆكراوه‌ته‌وه.
ئه‌سۆشێیتد پرێس ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، هه‌ریه‌ك له پێنتاگۆن، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و ئاژانسی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ره‌تیانكرده‌وه هیچ زانیارییه‌ك له‌باره‌ی ئه‌م بابه‌ته بۆ میدیاكان باس بكه‌ن.
H.B