لە دوو رۆژدا لە ھەولێر 4 كەس بە رووداوی ھاتووچۆ گیانیان لەدەستدا و 25 كەسی دیكەش برینداربوون
لە 24 كاتژمێردا سێ رووداوی ھاتووچۆ لە سلێمانی تۆمار كراون و 9 كەس برینداربوون

K24 – ھەولێر
لە ماوەی دوو رۆژی جەژنی نەورۆزدا بەھۆی رووداوەكانی ھاتووچۆ لە سنووری پارێزگای ھەولێر 4 كەس گیانیان لەدەستداوە و 25 كەسی دیكەش برینداربوون.
عەقید ھیوا محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری ھاتووچۆی قەزا و ناحییەكانی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە رۆژی دووەمی جەژنی نەورۆزدا دوو رووداوی ھاتووچۆ لە سنووری ھەولێر روویاندا، یەكێكیان لە رێگای سەرەكی شەقڵاوە – باسرمە، ئەوەی دیكەشیان لەناو تونێلی پیرمام، لە ئەنجامدا 7 كەس برینداربوون".
ئاماژەی بەوەشكرد: "لە رۆژی یەكەمی جەژنی نەورۆزیش چەند 5 رووداوی ھاتووچۆ لە سنووری ھەولێر روویانداوە، كە 4 كەس گیانیان لەدەستدا و 18 كەسی دیكەش برینداربوون".
لە لایەكی دیكە بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، لە 24 کاتژمێری رابردوودا لە سنووری پارێزگای سلێمانی سێ رووداوی ھاتووچۆ تۆمارکراوە و بەوھۆیەوە 9 كەس برینداربوون.

