وەزیری دەرەوەی قەتەر سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

لەگەڵ سەرکردایەتی کوردستان کۆدەبێتەوە

وەزیری دەرەوەی قەتەر
وەزیری دەرەوەی قەتەر

K24- هەولێر:

ئەمڕۆ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، وەزیری دەرەوەی قەتەر گەیشتە بەغدا و لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، پێشوازی لێكرا.

بڕیارە، وەزیری دەرەوەی قەتەر دواتر سەردانی هەولێر بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.

پێشتر و لە دوایین سەردانیدا لە كانوونی دووەمی ساڵی رابردوو محەممەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر سەردانی هەولێری کردبوو.

15ـی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوو، لە کاتی سەردانی وەزیری دەرەوەی قەتەر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دیدارێکی لەگەڵی ئەنجامدا و ئاماژەی بە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە دەیەوێ گرنگی بە هەموو کەرتەکان بدات و ئابووری هەرێمی کوردستان هەمەچەشن بکات، هەروەها لە رێگەی ئاسانکاری پێویستەوە، پەرە بە وەبەرهێنانی ناوخۆ و دەرەکی بدات.

هەروەها وەزیری دەرەوەی قەتەر، ستایشی سەقامگیریی ئاسایش و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان کرد و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بەتایبەتی لە بواری بازرگانی دەبڕی، لەمبارەیەوە گوتی دەرفەتێکی باش هەیە بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان و هاتنی وەبەرهێنەرە قەتەرییەکان بۆ هەرێمی کوردستان.