له رۆژانی نه‌ورۆزدا 25 منداڵ به هه‌ڵه نه‌وتیان خواردووه‌ته‌وه
باوكی یه‌كێك له منداڵه‌كان: بۆ سه‌یران هه‌ندێك نه‌وت له‌ناو ده‌به‌یه‌كی ئاو كردبوو، كوڕه‌كه‌شم وایزانی ئاوه و به هه‌ڵه خواردبوویه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
له سنووری پارێزگای هه‌ولێر، له سێ رۆژی نه‌ورۆزدا، 25 منداڵ كه ته‌مه‌نیان له نێوان سێ بۆ شه‌شی ساڵیدایه، به هه‌ڵه نه‌وتیان خواردووه‌ته‌وه و ژه‌هراوی بوونه و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كان كراون، كوردستان24 دۆخی یه‌كێك له منداڵه‌كان ده‌خاته‌ڕوو.
محه‌مه‌د یه‌كێكه له‌و منداڵانه‌ی كه به‌هه‌ڵه نه‌وتی خواردووه‌ته‌وه، باوكیشی هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، كه به‌ر له‌وه‌ش بچنه گه‌شت و سه‌یران، هه‌ندێك نه‌وتی له‌ناو ده‌به‌یه‌كی ئاو كردووه، بۆیه كوڕه‌كه‌ی وایزانیوه ئاوه و خواردوویه‌تییه‌وه.
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه محه‌مه‌د له ژێر چاودێری ته‌ندرووستییه، باوكیشی داوا له دایك و باوكان ده‌كات، وریا بن و ئاگادار منداڵه‌كانیان بن له گه‌شت و سه‌یران.
دكتۆر سه‌روه‌ر محه‌مه‌د، سه‌رپه‌رشتیاری كه‌یسی ئه‌و منداڵانه‌ی نه‌وتیان خواردووه‌ته‌وه، به كوردستان24ی راگه‌یاند، ته‌نیا له ماوه‌ی رۆژانی نه‌ورۆز تاكو رۆژی 24ی مانگ، نزیكه‌ی 25 منداڵ نه‌وتیان خواردووه‌ته‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و منداڵانه‌ی ته‌مه‌نیان بچووكه، خواردنه‌وه‌ی نه‌وته‌كه كاریگه‌ریی زیاتری له‌سه‌ر هه‌یه.
دكتۆر روونیشی كرده‌وه، تاكو ئێستا هیچ حاڵه‌تێكی مردن به‌هۆی خواردنه‌وه‌ی نه‌وت تۆمارنه‌كراوه، به گشتیش ته‌ندروستی منداڵه‌كان باشن و له نزیكه‌وه چاودێری ده‌كرێن.