عەممار حەکیم: رەشنووسی بودجەی 2027 رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە

سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی رایگەیاند: پلانی کۆنترۆڵکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت بە پێی خشتەیەکی دیاریکراو بەڕێوەدەچێت کە لە 30ـی حوزەیرانی 2027 کۆتایی دێت. هاوکات ئاماژەی دا، کە رەشنووسی بودجە تەواو کراوە و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کراوە.

چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: عێراق هەنگاوی کرداری و بنەڕەتی ناوە بۆ ئەوەی سەرجەم چەکەکان بخرێنە ژێر رکێفی دەوڵەت. هاوکات روونی کردەوە، ئەم پڕۆسەیە بە پێی خشتەیەکی زەمەنیی دیاریکراو بەڕێوەدەچێت کە لە 30ـی حوزەیرانی 2027 کۆتایی دێت.

سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی ئاشکرای کرد: دانوستانی گرنگ لەگەڵ تورکیا بەڕێوە دەچێت بۆ کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی لە خاکی عێراق دوای ئەوەی بیانووە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە کۆتایییان پێدێت.

سەرۆکی رەوتەکە وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە باشتربوونی دۆخی ئەمنی و کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بوونەتە هۆی داڕشتنی نەخشەڕێگەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک، رایگەیاند: ژمارەیەک لە گرووپەکان بە کرداری چەکەکانیان رادەست کردووە و بەشێکی دیکەشیان بە فەرمی ئامادەیییان دەربڕیوە، هەروەها گفتوگۆ لەگەڵ گرووپەکانی دیکەش بەردەوامە کە رازی بوون بەوەی بڕیاری بەکارهێنانی چەک تەنیا بە دەستی دەوڵەت بێت و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان رابگیرێن.

لە تەوەرێکی دیکەدا، عەممار حەکیم تیشکی خستە سەر دۆخی ئابووریی وڵات و رایگەیاند: ئەو تەنگژە دارایییەی رووی لە عێراق کردووە قەیرانێکی سەرتاسەرییە و، پەیوەستە بە لێکەوتەکانی جەنگ لە ناوچەکە، داخستنی گەرووی هورمز و وەستانی هەناردەکردنی نەوت.

عەممار حەکیم دڵنیایی دا، کە وەزارەتی دارایی هەموو توانایەکی خستووەتە گەڕ بۆ دابینکردنی مووچە، شایستەی جووتیاران، بەڵێندەران و پێداویستیی پارێزگاکان، هاوکات ئاشکرای کرد: رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027 تەواو بووە و ئیستا خراوەتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بە مەبەستی پەسەندکردنی و رەوانەکردنی بۆ پەرلەمان؛ هیواداریشین پێش کۆتاییی ئەمساڵ دەنگی لەسەر بدرێت تا لە 1ـی کانوونی دووەمی ساڵای داهاتوو بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.