ئەنگێڵا مێرکڵ: من هەڵە بووم و داوای لێبوردن دەکەم

راوێژکاری ئەڵمانیا بەهۆی بڕیارێک داوای لێخۆشبوون دەکات

ئەنگێڵا مێرکڵ
ئەنگێڵا مێرکڵ

K24- هەولێر:

ئەنگێڵا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا، لە بارەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ لە جەژنی ئیستەر، داوای لێبوردنی کرد.

ئەڵمانیا بڕیاری دابوو، بۆ رێگریکردن لە شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنا، پێنج رۆژ کەرەنتین و قەدەغەی هاتووچۆ لە ماوەکانی جەژنی ئیستەر بسەپێنێت، بەڵام دواتر لەو بڕیارە پەشیمان بوونەوە.

چواری مانگی داهاتوو، جەژنی ئیستەرە، بەڵام ئەڵمانیا بڕیاریدابوو، لە رۆژانی یەک و سێی مانگ قەدەغەی تەواوی هاتووچۆ بێت و تەواوی شوێنەکان دابخرێن، بەڵام ئەم بڕیارە رەخنەی زۆری لێگیرا بەوەی تووندکردنی رێکارەکان بەوجۆرە بۆ ماوەی پێنج رۆژ، کە خۆی لە ئەڵمانیا تاوەکو 18 مانگی داهاتوو، رێکارەکانی کۆرۆنا بەردەوام دەبن، دەبێتە هۆی زیانی بازرگانی و لە رووی تەندروستیشەوە سوودی ئەوتۆی نابێت.

لە بەرامبەردا، مێرکڵ گووتی: ''بڕیارەکە هەڵەبوو، ئەوەی هەڵەکەی کرد من بووم، بۆ ئەوەش داوای لێبوردن دەکەم''.

راشیگەیاند: "دەبێت بە هەڵە بگوترێت، هەڵە. ئێمە نیازمان لە بڕیارە تەنها وەستانی شەپۆلی کۆرۆنا بوو''.

ئەوەشی خستەڕوو کە هەموو بەرپرسیارەتییەکی بڕیارەکەی هەڵدەگرێت.

لە ئەڵمانیا دوو ملیۆن و 700 هەزار حاڵەتی کۆرۆنا تاوەکو ئێستا تۆمار کراون، بەهۆیەوە 75 هەزار و 255 کەس گیانیان لەدەستداوە.

AP