ئەمەریکا کەسێکی جێندەرگۆڕاو بۆ پۆستێکی باڵا هەڵدەبژێرێت

سەرەڕای ناڕەزاییەکان یەکەم جێندەرگۆڕاو لە کابینەکەی بایدن دەنگی پێدرا

رەیچڵ لێڤین
رەیچڵ لێڤین

K24- هەولێر:

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا، بە زۆرینەی دەنگ، رەیچڵ لێڤین، وەک یەکەم جێندەرگۆڕاو (ترانسجێندەر)ـی بۆ پۆستی یاریدەدەری وەزیری تەندروستی ئەمەریکا دەستنیشان کرد.

سەرەڕای دژایەتیی کۆمارییەکان، بە 52 دەنگی بەڵێ و 48 دەنگی نەخێر، رەیچڵ لێڤین، کاندیدی جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، وەک یاریدەدەری وەزیری تەندروستی ئەمەریکا هەڵبژێردرا.

لێڤین رۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە رووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ویلایەتی پێنسیلڤینیا؛ هەروەها، وەک پرۆفیسۆر لە زانکۆی پێن ستەیت لە بەشی دەرووناسی خزمەتی کردووە.

کۆرۆنا لە ئەمەریکا، 545 هەزار کەسی کوشتووە، 30 ملیۆن حاڵەتیش لەو وڵاتە تۆمار کراوە.

یەکێک لە رەخنەکانی سەر ئیدارەی پێشووی ئەمەریکا، بە هەند وەرنەگرتنی رێکارەکانی دژ بە کۆرۆنا بوو کە دژی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، بەکارهات.

جێندەرگۆڕاوەکان ئەوانەن، شێوازی فیزیکیی خۆیان لە رووی سێکسوالیتی دەگۆڕن، بە جۆرێکی دیکە، لە رووی دەروونی و فیزیکیی، جێندەری خۆیان پێ پەسەند نییە و دەیگۆڕن.

Reuters