نووسەر و سیاسەتمەدارێکی باکوری کوردستان کۆچی دوایی کرد

پرۆفیسۆر قەدری یڵدرم لە نەخۆشخانەیەکی دیاربەکر کۆچی دوایی کرد

K24- هەولێر:

نووسەر و سیاسەتمەداری کورد، پرۆفیسۆر قەدری یڵدرم، لە نەخۆشخانەیەکی دیاربەکر کۆچی دوایی کرد.

پرۆفیسۆر قەدری کە پێشتر ئەندام پەرلەمانی تورکیا بوو وەک نوێنەرێکی شاری سێرت، ماوەی دوو رۆژ بوو بەهۆی نەخۆشکەوتنی لە نەخۆشخانە چارەسەری وەردەگرت، بەڵام بەهۆی تووندیی نەخۆشییەکەی، ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا و بڕیارە هەر لە دیاربەکر لە رێوڕەسمێکی شایستە بەخاکبسپێردرێت.

پێشتریش، پرۆفیسۆر قەدری یڵدرم تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو بوو، بەڵام دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست نەخۆشخانەی جێهێشتبوو.

ژیاننامەی د. قەدری یڵدرم:

لە ساڵی 1959 لە دیاربەکر لە دایکبووە.

لە زانکۆی هەرانێ لە رحا، زانستە ئیسلامییەکانی خوێندووە و دواتر لە زانکۆی دیجلە لە دیاربەکر بووەتە مامۆستا.

لە ساڵی 2010، لە زانکۆی دیجلە، پلەی پرۆفیسۆری پێدراوە.

لە ساڵی 2015، لەسەر لیستی هەدەپە، بووەتە ئەندام پەرلەمان.

زمانەکانی کوردی، تورکی، عەرەبی و فارسی زانیووە؛ نووسەری 14 کتێبە و دەیان وتاریشی بڵاوکراونەتەوە.