پێشمەرگە شكستی بە ھێرشێكی خۆكوژیی داعش ھێنا
" 13 تەرمی داعش لە ژێر دەستی پێشمەرگە دان"
K24 - دھۆك
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ھێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری كەسكێ شكستیان بە ھێرشێكی خۆكوژی چەكدارانی داعش ھێنا.
عەمید ھێرش مەمەد، یاریدەدەری فەرماندەی فەرماندەیی زێرەڤانی لە سەدی مووسڵ بە (كوردستان24) ی گوت: " كاتژمێ 4 ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند خۆكوژێكی داعش ھێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە دووڕیانی ئەسكی مووسڵ و بورجی ئەسكی مووسڵ، ویستیان بە ھێزەكانی پێشمەرگەدا بتەقێننەوە، بەڵام پێشمەرگە ھەرزوو وەڵامیان دانەوەو شكستیان بەو ھێرشەی داعش ھێنا".
لە بارەی زیانەكانی چەكدارانی داعش ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە گوتی: "ئێستا تەرمی 13 خۆكوژی داعش لە دەست ھێزەكانی پێشمەرگەن".
ئاماژەشی بۆ ئەوەشكرد: "لە كاتی شكست پێھێنانی ھێرشەكەی داعش فڕۆكەكانی ھێزەكانی ھاوپەیمانان ھاوكاریی ھێزی پێشمەرگەیان كرد و بە چڕی بۆردومانی داعشیان كرد".