کارەکانی شەقامی 60 مەتری هەولێر گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی

کارەکانی پڕۆژەی شەقامی 60 مەتری لە هەولێر گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی و بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە.

پڕۆژە ستراتیژییەکە بە تێچووی 36 ملیار و 300 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت. ئەو شەقامە دەبێتە بەستەرێکی گرنگ و خاڵی بەیەکگەیشتنی هەردوو شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری لە پایتەخت.

جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بە یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانی پەرەپێدانی ژێرخانی رێگاوبانی هەولێر دادەنرێت. دوای تەواوبوونی، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر خێراترکردنی جووڵەی هاتوچۆ و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لەنێوان شەقامە سەرەکییەکاندا دەبێت.