تەنها چوار جوو لە عێراق ماون

سەردەمی عوسمانییەکان 40٪ـی دانیشتووانی بەغدا جوو بوون

گۆڕستانی جووەکان لە بەغدا   AFP
گۆڕستانی جووەکان لە بەغدا AFP

K24- هەولێر:

مردنی زافێر ئلیاهو، عێراقییەکانی هەژاند، لەبەر ئەوەنا کە پزیشکێکی بەخشندە بوو و بێ بەرامبەر هەژارانی تیمار دەکرد، بەڵکو دوای مردنی ئەو، تەنها چوار جوو لە عێراقدا ماون.

گۆڕستانی حەبابیە لە بەغدا کە تایبەتە بە جووەکان، چی دی سەردانکەری نییە و تەنها پیاوێکی بە تەمەنی موسوڵمان جار جار لەوێ دەردەکەوێت.

خوشکی پزیشکە کۆچکردووەکە، نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتوو: ''تەنها جوو لەسەر گۆڕەکەی نوێژی کرد من بووم''.

تەنها یەک پەرستگای جووەکان لە بەغدا ماوە، ئەویش حاخامی نییە و کەم دەکرێتەوە، لە کاتێکدا، جووەکان دوو هەزار و 600 ساڵ لەمەوبەر لە عێراق ژیاون.

لە عێراق، جووەکان دووەم کتێبی پیرۆزی خۆیان، کتێبی تەلمودی بابیلۆنیان، نووسیوە، لەو خاکەی کە پەیامبەر ئیبراهیم تێیدا لە دایکبووە و دەگوترێت باخی عەدەن لەوێیە.

دوای دوو هەزار و 500 ساڵ لەو کاتە، کاتێک عوسومانییەکان بەغدادیان بەڕێوەدەبرد، جووەکان دووەم گەورەترین پێکهاتەی بەغدا بوون و 40٪ـی دانیشتووانیان پێکدەهێنا.

بەگوێرەی راپۆرتێکی فرانس پرێس، کەسێک جوو بێت لە عێراق، دەبێت لە ماڵەوە نوێژ بکات، لە شوێنە کارگێڕییەکان، مامەڵەی باشیان لەگەڵ ناکرێت.

ئیدوین شاوکیر، جووێک کە لە ساڵی 1955 لە عێراق لە دایکبووە، بەڵام لە تەمەنی 16 ساڵی ئاوارەی بەریتانیا بووە ئاماژەی بەوەکردووە: ''جیا لە هەرێمی کوردستان، تەنها چوار جوو لە عێراق ماون کە دایک و باوکیان جوو بوو بێت''.

لە حوزەیرانی ساڵی 1941، پرۆگرامی ''فەرهود'' دژی جووەکان بەڕێوەچوو، جیا لە تاڵانکردنی ماڵ و سامانیان لە بەغدا، 100 کەسیشیان لێ کوژرا.

لە ساڵی 1948، دەوڵەتی ئیسرائیل دامەزرا، دواتر 150 هەزار جووی عێراق، ناسنامەیان لێ سەندرایەوە و بەڵگەنامەیان پێپڕکرایەوە کە ئەوان بە ''ویستی خۆیان'' وڵات جێدەهێڵن و دەستبەرداری رەگەزنامەی عێراقی دەبن. ساڵی 1951، 96٪ تەواوی جووەکان، عێراقیان جێهێشت.

کاتێک رژێمی بەعس باڵا دەستبوو، ئەو جووانەی لە عێراق بوون بە تاوانی سیخوڕیکردن لەسێدارە دەدران؛ ئیدوین شاوکیر دەڵێت، تاوەکو ئێستاش، بە گوێرەی یاساکانی عێراق، جووەکان مافی ئەوەیان نییە داوای رەگەزنامەکانیان بکەنەوە.

لە ساڵی 2009، تەنها هەشت جوو لە عێراق مابوون. دواتر ژمارەی ئەوانیش کەمبوونەوە. زێڕەنگرێکی جوو دوای ئەوەی لە لایەن چەند میلیشیایەک هەڕەشەی لێکرا، لە ساڵی 2011 عێراقی جێهێشت، دواتر ئەمیر موسا نەسیم، نەوەی نووسەر و ئابووریناس، میر باسری، عێراقی جێهێشت.

شەش مانگ لەمەوبەر چالاکوانێکی جووەکان گیانی لەدەستدا، 15ـی ئاداری ئەمساڵ، خانمێکی دیکەش لە تەمەنی 61 ساڵی کۆچی دوایی کرد، ئێستا تەنها چوار جوو لە عێراق ماون، لە کاتێکدا لە ئیسرائیل 219 هەزار جوو کە بە بنەچە لە عێراق بوون، دەژین.

شاوکیر دەڵێت، تا ساڵی 2003، هەموو ئەو پەرستگا و شوێنانەی بۆ جووەکان دەگەڕایەوە، بە تەواوی پارێزراو بوون، ئێستاش بەهۆی فەرامۆشکردنیان، چۆڵ و وێران دەردەکەون.

دەشڵێت: ''تەنها دەنگدانێکی پەرلەمانی عێراق، دەتوانێت هەموو ئەو شوێنانە بۆ خێزانەکانیان بگەڕێنێتەوە''.