زانیاری نوێ له‌سه‌ر په‌لاماره مووشه‌كییه‌كه‌ی شه‌وی رابردوو ئاشكرا ده‌كرێ
"شوێنی ئاراسته‌كردنی مووشه‌كه‌كان كیلۆمه‌ترێك له هێزه عێراقییه‌كان دوور بووه"
K24 - هه‌ولێر:
شه‌وی رابردوو، په‌لامارێكی مووشه‌كی كرایه سه‌ر میحوه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له سنووری پردێ و نزیك بازگه‌ی شێراوه، كه ده‌كه‌وێته سه‌ر رێگه‌ی سه‌ره‌كی نێوان هه‌ولێر – كه‌ركووك.
هۆشهند سادق، په‌یامنێری كوردستان24 له زاری به‌رپرسی میحوه‌ری پردێی پێشمه‌رگه رایگه‌یاند، زیاتر له 10 مووشه‌ك ئاراسته‌ی سنووره‌كانیان كراوه، به‌ڵام هیچ زیانێكیان نه‌بووه، درێژی هه‌ندێك له‌و مووشه‌كانه نزیكه‌ی 3 مه‌تر ده‌بێت و هه‌ندێكیشیان نه‌ته‌قیونه‌ته‌وه.
نووری حه‌مه‌عه‌لی، به‌رپرسی میحوه‌ره‌كه به كوردستان24ی راگه‌یاند، ئه‌مه یه‌كه‌مجار نییه، به‌ڵكو دووه‌مجاره، جاری پێشوو كاتیۆشای 107ی بوو، هی په‌لاماره‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ش، جۆرێكی دیكه‌یه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و سنووره‌ی مووشه‌كه‌كانی لێ ئاراسته كراوه، له ژێر كۆنتڕۆڵی هێزه عێراقییه‌كانه و كیلۆمه‌ترێك كه‌متر له‌وان دووره، ئه‌وان ده‌بێت بزانن ئه‌نجامده‌رانی په‌لاماره‌كه كێن و ده‌ست به لێكۆڵینه‌وه بكه‌ن و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌شی لێ ئاگاداركبهنهوه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، وه‌ك میحوه‌ری پردێی هێزی پێشمه‌رگه‌ی، بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌لای خۆیان پارچه‌كانی مووشه‌كه‌كانیان هه‌ڵگرتووه و لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر ده‌كه‌ن.
دووپاتیشی كرده‌وه، ئه‌و كاره به هیچ شێوه‌یه‌ك خزمه‌تی دۆخی ئێستا ناكات و مه‌به‌ستی ئه‌نجامده‌رانیش ئه‌وه‌یه هه‌موو هه‌وڵێكی پێكه‌وه‌ژیان و ئاساییبوونه‌وه‌ی بارودۆخی ناوچه‌كه و به‌تایبه‌تیش كه‌ركووك په‌ك بخه‌ن.
روونیشی كرده‌وه، ئه‌و كاره تێكده‌رانه‌یه هیچ خزمه‌تێك به دۆخی ئێستا ناكات و عێراق له‌وه‌ته‌ی هه‌یه به‌ده‌ست ئه‌م جۆره عه‌قڵیه‌ته و بیركردنه‌وه‌یه ده‌ناڵێنێت.