كوردستان ھەنگاوەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی چڕدەكاتەوە
یاسای دەستەی دەستپاكی ھەموار دەكرێتەوە
K24 – ھەولێر:
پرۆژە یاسای ھەمواری دووەمی یاسای دەستەی دەستپاکی لە بەردەست ئەندامانی پەرلەمانە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت. ئەو پرۆژە یاسایە گۆرانکاری لە ژمارەیەک ماددەی یاساکە دەکات و دەستەڵاتی زیاتريش دەداتە دەستەی دەسپاکی. ھەموارەکە بە شێوەیەك دەکرێت، کە لەگەڵ ئەم قۆناخە بگونجێت.
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی گوتی: "ئەم ھەموارە گرنگە و کاریگەری دەبێت لەسەر کاری دەستەکە بۆ رووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی".
ھەمواری دووەمی یاسای دەستەی دەستپاکی، کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر رووبەروبوونەوەی گەندەڵی و خێراکردنی ئەو ھەنگاوانە بۆ چاکسازی دەستیانپێکردوە؛ بە جۆرێک دەتوانرێت کەیسەکانی گەندەڵی خێرا یەکلايی بکرێنەوە.
لەیلا عەبدولجەبار، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: "ھەمواری یاساکە گرنگە و لەم وەرزە ھەوڵدەرێت تێپەڕێنریت".
پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پرۆژە و پێشنیازی چەند یاسایەک دەکات. ھەمواری دووەمی یاسای دەستپاکیش لەم وەرزەی پەرلەمان پەسەند دەکرێت و کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ئەو ھەنگاوانەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی ناويەتى.