كوردستان ھەنگاوەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی چڕدەكاتەوە

یاسای دەستەی دەستپاكی ھەموار دەكرێتەوە

پەرلەمانی كوردستان
پەرلەمانی كوردستان

K24 – ھەولێر:

پرۆژە یاسای ھەمواری دووەمی یاسای دەستەی دەستپاکی لە بەردەست ئەندامانی پەرلەمانە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت. ئەو پرۆژە یاسایە گۆرانکاری لە ژمارەیەک ماددەی یاساکە دەکات و دەستەڵاتی زیاتريش دەداتە دەستەی دەسپاکی.  ھەموارەکە بە شێوەیەك دەکرێت، کە لەگەڵ ئەم قۆناخە بگونجێت.

ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی گوتی: "ئەم ھەموارە گرنگە و کاریگەری دەبێت لەسەر کاری دەستەکە بۆ رووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی".

ھەمواری دووەمی یاسای دەستەی دەستپاکی، کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر رووبەروبوونەوەی گەندەڵی و خێراکردنی ئەو ھەنگاوانە بۆ چاکسازی دەستیانپێکردوە؛ بە جۆرێک دەتوانرێت کەیسەکانی گەندەڵی خێرا یەکلايی بکرێنەوە.

لەیلا عەبدولجەبار، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: "ھەمواری یاساکە گرنگە و لەم وەرزە ھەوڵدەرێت تێپەڕێنریت".

پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پرۆژە و پێشنیازی چەند یاسایەک دەکات. ھەمواری دووەمی یاسای دەستپاکیش لەم وەرزەی پەرلەمان پەسەند دەکرێت و کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ئەو ھەنگاوانەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی ناويەتى.