هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا گەیشتە سفر
ئەمڕۆ یەکشەممە، داتاکانی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا ئاشکرایانکرد، هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق بۆ ئەمریکا راوەستاوە و لە هەفتەی رابردوودا ئاستەکەی گەیشتووەتە سفر.
داتاکانی ئیدارەکە دەریانخستووە، تێکڕای هاوردەی نەوتی خاوی ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا لە 9 وڵاتی سەرەکییەوە گەیشتووەتە 6,145,000 بەرمیل لە رۆژێکدا. ئەم بڕەش بە بەراورد بە هەفتەی پێشوو، کە تێکڕاکەی 4,949,000 بەرمیل بوو، بە رێژەی 1,196,000 بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە.
سەبارەت بە هاوردەی نەوتی خاوی عێراق، ئیدارەکە روونیکردەوە، دوای ئەوەی لە هەفتەی پێشوودا تێکڕای هاوردەکردنی نەوت لە عێراقەوە 51,000 بەرمیل بووە لە رۆژێکدا، لە هەفتەی رابردوودا ئاستەکە گەیشتووەتە سفر بەرمیل.
ئیدارەکە بڵاویکردەوە، کەنەدا لە هەفتەی رابردوودا زۆرترین هاوردەی نەوتی بۆ ئەمریکا دابینکردووە بە تێکڕای 3,891,000 بەرمیل لە رۆژێکدا. لە دوای ئەویش ڤەنزوێلا بە تێکڕای 624,000 بەرمیل، نێجیریا بە 376,000 بەرمیل و گویانا بە 354,000 بەرمیل لە رۆژێکدا دێن.
بەگوێرەی خشتەی داتاکان، بڕی هاوردەی نەوتی خاوی ئەمریکا لە بەرازیل گەیشتووەتە 301,000 بەرمیل، لە سعوودیە 228,000 بەرمیل، لە مەکسیک 186,000 بەرمیل، لە ئەرجەنتین 112,000 بەرمیل و لە کۆڵۆمبیاش 73,000 بەرمیل لە رۆژێکدا.
ئەمریکا زۆربەی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی لەو وڵاتانە دابین دەکات. تێکڕای بەکاربردنی رۆژانەی نەوت لە ئەمریکا بە نزیکەی 20,000,000 بەرمیل مەزەندە دەکرێت و بەمەش ئەو وڵاتە دەبێتە گەورەترین بەکاربەری نەوت لە جیهاندا.