هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی: ئەو میلیشیانەی هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر پێشمه‌رگه‌ و كوردستان هاوشێوەی داعشن

ده‌یڤ ولیامز: دەمانه‌وێت بزانین بۆچی میلیشیا نایاساییه‌كان ئه‌و هێرشانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن!!

K24- هه‌ولێر:

دەیڤ ویلیامز، فەرماندەی فەرماندەیی سەنتەری هەماهەنگی هاوپەیمانى نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش رایگەیاند: لە ساڵی 2016ـەوە تا ئێستا نزیکەی ملیارێك دۆلار هاوکاری هێزی پیشمەرگە کراوە و هاوکارییەکانیش بەردەوام دەبن.

ئه‌م گوتانه‌ی ویلیامز له‌كاتی میوانداریكردنی له‌ ژووری هه‌واڵی كوردستان24 هاتوون و لەبارەی هەنگاوەکانی چاکسازی و یەکخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمەرگە گوتی: "26 پاکێجی جیاواز هەن، کە ئەمه‌ریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا کاریان لەسەر دەکەن و لە هەندێك لەو پاکێجانەدا بەرەوپێشچوونی زۆر باش هاتوونەتە ئاراوە، بەڵام یەکگرتنەوەی یەکجاری هێزی پێشمەرگە پێویستی بە خواست و بڕیارێکی سیاسی یەکلاکەرەوە هەیە".

هه‌ر له‌وباره‌شه‌وه‌ دووپاتیكرده‌وه‌، "خۆشحاڵم و جێگەی شانازییە کە لێرە لەگەڵ پێشمەرگە کاردەکەم. هاوکارییەکانیش بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبن. هاوکارییەکان خۆراك، سووتەمەنی، فیشەك، چەك و ئۆتۆمبێل دەگرێتەوە. هەروەها مانگانە لە چوارچێوەی هاوکارییەکان 20 ملیۆن دۆلار هاوکاری پێشمەرگە دەکەین".

گوتیشی: "لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان کار بۆ مۆدێرنکردنەوەی پێشمەرگە دەکەین. لە 2016ـەوە نزیکەی ملیلارێك دۆلار هاوکاری پێشمەرگەمان کردووە، بەشێکی زۆری ئەی پارەیە وەك هاوکاری دارایی بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەك، سووتەمەنی، ئۆتۆمبێل و هاوکاری دیکەشی لەخۆگرتووە، بەخۆشحاڵیەوە لەو هاوکارییانە بەردەوام دەبێن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "با ئەوەش بڵێم: بە بەراورد بەو هاوکارییانەی دراونەتە هێزە عێراقییەکان، ئەوەی پێشمەرگە زۆر کەمترە. لەڕێگەی کونسوڵخانەکانمانەوە وەك کونسوڵخانەی ئەمه‌ریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا تیمێکی راوێژکاری نێودەوڵەتیمان پێکهێناوە بۆ راوێژ پێدان بە وەزارەتی پێشمەرگە لە پرۆسەی چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزه‌كانیدا".

ئاشكراشیكرد، "26 پاکێجی جیاوازمان لەبەردەستە و لە هەندێکیان وەك پەیوەندییەکان، لۆجستی و پێکهێنانی هێزێکی نیشتمانی بەرەوپێشچوونی زۆر باش بەدیهاتوون. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی بە بڕیارێکی سیاسی سەخت هەیە بۆ یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان".

سه‌باره‌ت هاوكارییه‌كانی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كان و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیش، فەرماندەی فەرماندەیی سەنتەری هەماهەنگی هاوپەیمانى نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش رایگەیاند: لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەی نێوان هێزی پێشمەرگە، هێزە عێراقیەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە مەخموور و چیای قەرەچووغ، 30 چەکداری داعش کوژراون و نزیکەی 100 ئەشکەوت و حەشارگەی پاشماوەکانی داعش وێران کراون.

دەیڤ ویلیامز میوانی کوردستان24 و لەبارەی هێرشی میلیشیاکان بۆسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە گوتی: ئەو میلیشیانە هاوشێوەی داعشن و لەیاسا دەرچوون، لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان کاردەکەین بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە.

له‌مچوارچێوه‌یه‌شدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "منیش دەمەوێت بزانم ئەو میلیشیا نایاساییانە بۆچی هێرش دەکەنە سەر هێزی پێشمەرگە و هەولێر و هەرێمی کوردستان؟ ئەوەی ئەوان دەیکەن هاوشێوەی کارەکانی داعشە!! لەگەڵ پێشمەرگە و هێزە عێراقییە هاوپه‌یمانه‌كانمان کاردەکەین، بۆئەوەی رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە بکەین".

گوتیشی: "یەکێك لە رێگا کاریگەرەکان بۆ رێگریکردن لەو هێرشانە، نزیکبوونەوە و کارکردنی هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکانه‌ لەو ناوچانەی پاشماوەکانی داعش و میلیشیا نایاساییەکان جموجۆڵی تێدا دەکەن. ئێمەش وەک هاوپەیمانان دەتوانین لە چەندین رێگەی جیاوازەوە وەك راوێژ و پێدانی زانیاری هەواڵگری و هێرشی ئاسمانیەوە هاوکاریان بین".

ئاشكراشیكرد، "لەهەندێك شوێن هەماهەنگی زۆر باش لەنێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان هەیە، کار لەسەر دروستکردنی سەنتەری هەماهەنگی هاوبەش دەکەین لە دیالەوە بۆ نەینەوا، بەڵام لە هەندێك شوێنی وەك ناوچە شاخاوییەکان، ئەو هەماهەنگییە کەمترە و داعش و میلیشیاکان ئەو کەلێنەیان قۆستووەتەوە".

هه‌روه‌ها گوتی: "ئۆپەراسیۆنی شێری ئامادە لە دەوروبەری مەخموور و چیای قەرەچووغ، نموونەیەکی باشی هەبوونی هەماهەنگی بوو لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان و هاوپەیمانان، تێیدا 30 چەکداری داعش کوژران و نزیکەی 100 ئەشکەوت و حەشارگەشیان وێران کران".

H.B