بەشیر حەداد: پێشبینی دەكرێت ئەمڕۆ پڕۆژە بودجەی عێراق تێپەڕێنرێت

لایەنەكانی كورد و سووننە و سائیرون دەتوانن پڕۆژەیاساكە تێپەڕێنن
بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

K24 – بەغدا

بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ پەسندكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 كۆببێتەوە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش رایگەیاند، پێشبینی دەكرێت ئەمڕۆ پڕۆژە بودجەی عێراق تێپەڕێنرێت.

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24ی گوت: "وەك دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ماوەی زۆرمان بە فراكسیۆنەكان دا بۆ ئەوەی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە رێكبكەون، پێویستە لەمە زیاتر چاوەڕێ نەكرێت".

روونیكردەوە: "ئەوانەی تێبینی یان مەرجیان ھەیە لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە نایانەوێت بەشداری لە كۆبوونەوە بكەن، كە بەشێك لە فەتح و دەوڵەتی یاسا و ھەندێك پەرلەمانتاری دیكەن، كە دوو خاڵیان ھەیە، یەكەم داوا دەكەن بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار بگەڕێتەوە سەر بەھای پێشتر، دووەم قەرزی دەرەكی لەناو بودجەدا نەمێنێ، كە پێیانوایە ئەمە بارگرانی لەسەر دەوڵەت دروست دەكات".

گوتیشی: "ئەگەر ئەو فراكسیۆنانەش بەشداری لە كۆبوونەوەی پەرلەمان نەكەن، پێموایە لایەنەكانی دیكە كورد و سوننە و سائیرون و ھەندێك پەرلەمانتاری دیكە دەتوانن رێژەی یاسایی بۆ دانیشتنی پەرلەمان تەواو بكەن و دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجە بدرێت".

بەشیر حەداد، راشیگەیاند: "پێشبینی دەكەم ئەمڕۆ پڕۆژە بودجە تێپەڕێنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە عێراق ھەموو شتێك چاوەڕوان كراوە، دەكرێ كەشوھەوایەك دروستبێت كە ھەر كۆبوونەوەكەش نەكرێت، رەنگە ئاراستەیەك ھەبێ نەیەوێت بودجە ھەبێت و وەك ساڵی رابردوو بێت".

ئاماژەی بەوەشدا: "تێپەڕاندنی بودجە ئەمساڵ لە ھەموو ساڵێك زەحمەتترە، چونكە ھەڵبژاردن كەوتووەتە ناو ئەمساڵ، بودجە لە چوارچێوە یاسایی و ھونەرییەكەی خۆی دەرچووە و چوارچێوەیەكی سیاسی وەرگرتووە، بووەتە ھۆكارێك بۆ ئەوەی دەستكەوتی سیاسی پێ وەدەستبێنن".

ئەوەشی خستەڕوو: "زۆربەی پەرلەمانتارانی لایەنە كوردییەكان یەكدەنگن لەسەر بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی پەرلەمان و دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە، ئەو خاڵەی لە ماددەی 11 پشكی ھەرێمی كوردستانی تێدا باسكراوە و پەسندكراوە، ناڵێم ھەموو ئەوەی كورد داوای دەكردووە تێیدایە، بەڵام لەوە باشتر نابێت، بۆیە كورد پێی رازییە".