ئهحمهد سهڵاح ئۆفهرێكی له یانهی دهۆك پێگهیشت

یانەی دهۆک دەیەوێت بۆ یارییەکانی خولی پلە یەکی عێراق ئەحمەد سەڵاح بکاتە راهێنەری یانەکەی. بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 یانەی دهۆک داوای لە ئەحمەد سەڵاح کردووە بۆ یارییەکانی خولی پلە یەکی عێراق لە شوێنی هەرمان ساڵح ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەیان بگرێتە ئەستۆ و ئێستا هەردوولا لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن، بەڵام ئەحمەد سەڵاح چەند مەرجێکی هەیە و هەردوولا لە گفتوگۆدان. یانەی دهۆک بە زەحمەت مانەوەی خۆی لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان مسۆگەرکرد و لە دوایین گەڕی قۆناخی یەکەمی خولەکە 3-2 لە نەورۆزی بردەوە، کە دوای یارییەکە بژار ئیسماعیل سەرۆکی یانەی دهۆک رایگەیاند بۆ خولی پلە یەکی عێراق چەند گۆڕانکارییەک لە یانەکەیان دەکەن. ئەحمەد سەڵاح لەم وەرزەی خولی نایابی عێراق راهێنەرایەتی یانەی زاخۆی کرد و لە 20 یاری لەگەڵ یانەکە 6 بردنەوە و 12 یەکسانبوون و 2 دۆڕانی بەدەستهێنا و یانەکەی لە پلەی شەشەمی ریزبەندیی خولەکە بەجێهێشت و دەستی لەکارکێشایەوە.