وەزارەتی کارەبا (2) پڕۆژەی گرنگی گواستنەوە لە سلێمانی جێبەجێ دەکات

"بە جێبەجێکردنی ئەو (2) پڕۆژەیە توانای گواستنەوەی کارەبا زیاد دەکات"

(2) پڕۆژه‌ی كاره‌با له‌ سلێمانی جێبه‌جێ ده‌كرێن
(2) پڕۆژه‌ی كاره‌با له‌ سلێمانی جێبه‌جێ ده‌كرێن

K24 - هه‌ولێر:

كابینەی نۆیەمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گرنگی زۆری بە سێكتەری كارەبا داوە لە شارەكانی كوردستان و ئاستی بەرھەمی كارەكانیش زیادیكردووە، وەزارەتی کارەبای حکومەتی ھەرێم (2) پڕۆژەی گرنگی گواستنەوەی کارەبا لە سلێمانی جێبەجێدەکات، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی رایگه‌یاند، جێبەجێکردنی ئەو (2) پڕۆژەیە زۆر گرنگە چونکە دەبێتە ھۆی بەرزکردنەوەی توانای گواستنەوەی کارەبا.

ھەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبای نیشتمانی لە پارێزگای سلێمانی بەردەوامە و حکومەت لە پێشکەشکردن و ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی گرنگ بۆ کەرتی کارەبا ناوەستێت، لەنوێترین پڕۆژەشدا وەزارەتی کارەبا لە رێگەی "کەمکردنەوەی نھێنی" دوو پڕۆژەی گواستنەوەی کارەبا لە سنووری سلێمانی جێبەجێدەکات، کە یەکەمیان تەواوکردن و بەستنی ھێڵی (132 کەی ڤی) بازیان- رانیە بە درێژایی (105) کیلۆمەتر، دووەمیان تەواوکردن و بەستنی ھێڵی (132 کەی ڤی) تانجەڕۆ- سەیدسادق، بە درێژایی (55) کیلۆمەتر.

سیروان محەمەد، گوتەبێژی کارەبای سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، "یه‌كێك له‌و بڕیاره‌ گرنگانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ریكرد، خه‌رجكردنی (44) ملیار دیناره‌، بۆ (2) پڕۆژه‌ی زۆر گرنگ بۆ پارێزگای سلێمانی، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆكاری گواستنه‌وه‌ی كاره‌با بۆ دوو ناوچه‌ی زۆر گرنگ، له‌هه‌مانكاتدا ئاستی گواستنه‌وه‌ی كاره‌باش به‌رزده‌كاته‌وه‌".

زیاد رەزا، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جەختدەكاتەوە. كە سەرەڕای قەیرانەکان ھەوڵەکانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ باشترکردنی کەرتی کارەبا و کەرتەکانی دیکە دەرخەری ئەو راستەیەیە، کە حکومەتی لە خەمی پێشکشەکردنی خزمەتگوزاری زیاترە بە ھاووڵاتیان.

لەسەرەتای دەست بەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەکانی پەرەپێدانی کەرتی کارەبا بووژانەوەی باشی بەخۆوە بینیوە و لە ماوەی رابردوودا بە تەرخانکردنی چەند بڕە پارەیەک مژدەی پێشکشەکردنی چەند پڕۆژەیەکی گرنگی کەرتی کارەبا بە ھاووڵاتیانی سنووری پارێزگای سلێمانی دراوە.

د.ی