مەسرور بارزانی: حكومەتی ھەرێم کار دەکات بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری کەسوکاری ئەنفالکراوان بکات

حكومەتی ھەرێم کار دەکات بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری کەسوکاری ئەنفالکراوان بکات

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – ھەولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەبۆنەی 33 ساڵەی شاڵاوەكانی ئەنفال، پەیامێكی بڵاوكردەوە و جەختدەكاتەوە كە حكومەتی ھەرێم لە کاتێکدا داوای قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بۆ كەسوكاری قوربانییان و خەڵكی زیانمەندی ئەو شاڵاوە دڕندانەیە لە حكومەتی فیدراڵی عێراق دەکات، ھاوكات کار دەکات بۆ ئەوەی خزمەتێکی زیاتری کەسوکاری ئەنفالکراوان بکات.

دەقی پەیامی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان:..

ئەمڕۆ سی وسێ ساڵ بەسەر شاڵاوەکانی ئەنفال تێدەپەڕێت، کە ڕژێمی لەناوچووی بەعس، بە ئامانجی جینۆسایدكردنی گەلی كوردستان، بە هەشت قۆناغ، هەزاران هاونیشتمانیی بێتاوانی بێسەروشوێن و زیندەبەچاڵ کرد، هەزاران گوند و شارەدێ و هەزاران مزگەوت و قوتابخانە و دەیان كڵێسای کوردستانی خاپووركرد ، ڕەز و باخ و كێڵگەی جووتیارانی سووتاند و كانیاوەكانی تەقاندەوە و بنەماکانی ژیانی لە ناوبرد. لەم یادە پڕ ناسۆرەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدان و قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە کاتێکدا داوای قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بۆ كەسوكاری قوربانییان و خەڵكی زیانمەندی ئەو شاڵاوە دڕندانەیە لە حكومەتی فیدراڵی عێراق دەکات، هاوکات کار دەکات بۆ ئەوەی خزمەتێکی زیاتری کەسوکاری ئەنفالکراوان بکات و ژیانێکی شکۆمەندانەیان بۆ فەراهەم بکات .

 هیوادارم ئەم یادە، بكەینە هاندەری پتەوكردنی یەكڕیزی نیشتمانیی و قووڵكردنەوەی گیانی تەبایی و برایەتی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان هەموو گەلانی ناوچەكە.

سڵاو لە گیانی  پاكی شەهیدان و قوربانییانی ئەنفال، کە یاد و یادەوەرییان، هەمیشە بە زیندوویی لە دڵ و دەروونمان دەمێنێتەوە.

مەسرور بارزانی

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان