لە بازگەکانی کەرکووک داخستنی رێگە و ناڕەزایی شۆفێران بووەتە دیاردەیەکی رۆژانە
شۆفێرانی بارهەڵگر لە بازگەی مەفرەقی شوان لە کەرکووک، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە لەمپەر و رێگرییەکانی بەردەم هاتوچۆیان، رێگە سەرەکییەکەیان داخست. ئەم دۆخە پاش ئەوە دێت کە شۆفێران لە کاتی گواستنەوەی کەرەستەی بیناسازی بۆ ناو کەرکووک، رووبەڕووی رێگریی توند دەبنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی هێمن دەلۆ پەیامنێری کوردستان24، بازگەی مەفرەقی شوان کە شارەدێی شوان و تەقتەق بە کەرکووک دەبەستێتەوە، رێگری لە شۆفێرانی بارهەڵگر دەکات. هۆکاری رێگرییەکە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئامێری سۆنەر و قەپان لەو بازگەیەدا، لەکاتێکدا لایەنە ئەمنییەکان داوا لە شۆفێران دەکەن بۆ پشکنین و کێشانی بارهەڵگرەکانیان بچنە ناوچەکانی دارەمان یان پردێ.
یەکێک لە شۆفێرە ناڕازییەکان بە کوردستان24ی گوت: "مەودای نێوان بازگەکە و دارەمان یان پردێ نزیکەی 50 بۆ 60 کیلۆمەترە. کێشەکە تەنیا نەبوونی سۆنەر و قەپان نییە، بەڵکو باجی زۆر و نەبوونی رێگاوبانی گونجاو و مامەڵەی بازگەکان بێزاری کردووین". ئەو شۆفێرە جەختی کردەوە کە سەرەڕای بەڵێنی بەرپرسان بۆ باشترکردنی دۆخی بازگەکان، رەوشەکە خراپتر بووە.
شۆفێرێکی دیکە کە بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکەدا کردبوو، نەبوونی یەک بڕیاری کارگێڕیی لە بازگەکان بە هۆکاری سەرەکیی ئاڵۆزییەکان زانی و گوتی: "هەر دەزگا و بازگەیەک بۆ خۆی بڕیار دەدات. بۆ گواستنەوەی چەو و لم لە شوانەوە بۆ کەرکووک، ناچارم 60 کیلۆمەتر بڕۆم بۆ پردێ تا بارهەڵگرەکەم کێش بکەم، ئەمەش لە کاتێکدایە 200 لیتر گاز بۆ کرێیەک خەرج دەکەم و تەنیا 40 هەزار دینار قازانج بۆ خێزانەکەم دەمێنێتەوە".
ئەو شۆفێرە ئەوەشی خستە روو کە رێگرییەکان بە شێوەیەکی هەڵاوێرد بۆ شۆفێری گەڵابەکانە. وەک خۆی ئاماژەی پێدا، تەنکەر و سایلۆ و جۆرەکانی دیکەی بارهەڵگر بە ئاسانی و بەبێ رێگریی تێدەپەڕن.
سەبارەت بە داخستنی رێگاکە، شۆفێرێکی دیکە رایگەیاند: "بە ویستی خۆمان رێگامان نەگرتووە و پێمان ناخۆشە ئاستەنگ بۆ هاووڵاتییان و فەرمانبەران دروست بکەین، بەڵام کاتێک رێگەی بژێویی ژیانمان لێ دەگیرێت و ئەفسەرانی بازگەکان گوێمان لێ ناگرن، ناچارین بۆ گەیاندنی دەنگمان ئەم رێکارە بگرینە بەر".
لەلایەکی دیکەوە، پەیامنێری کوردستان24 روونیکردەوە کە تەنیا شۆفێران نین، بەڵکو بازرگانانیش لە مامەڵەی نەشیاوی کارمەندانی بازگەکان گلەیی دەکەن. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کێشەکان بەردەوام بە شێوەیەکی کاتی چارەسەر دەکرێن و چەندین جار شۆفێران رووبەڕووی سووکایەتی و لێدان بوونەتەوە. وەک نموونە، هەفتەی رابردوو لە بازگەی مەفرەقی شوان چەند شۆفێرێک دراونەتە بەر لێدان و تا ئێستاش کێشەکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و رێگەکە داخراوە.