سوید بنکەیەکی پۆلیس لە عێراق دەکاتەوە

سوید بڕیاری دا بنکەیەکی پۆلیسی وڵاتەکەی لە عێراق بکاتەوە کە جیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، چاودێریی سێ وڵاتی دیکەی ناوچەکەش دەکات.

رۆژی شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، پێترا لوند، سەرۆکی پۆلیسی نیشتمانیی سوید لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی بنکەیەکی پۆلیس لە عێراق دەکاتەوە.

ئاوارە هەورامی، پەیامنێری کوردستان24 لە ستۆکهۆڵم رایگەیاند، تا ئێستا بە وردی شوێنی کردنەوەی بنکەکە دیاری نەکراوە، ئایا لە بەغدا دادەنرێت یان لە هەرێمی کوردستان. روونیشی کردەوە، بنکەکە جگە لە عێراق، هاوکات چاودێریی هەر یەک لە وڵاتانی ئوردن، لوبنان و سووریاش دەکات.

ئاوارە هەورامی باسی لەوەش کرد، کردنەوەی ئەم بنکەیە بە مەبەستی هەماهەنگییە لەگەڵ حکوومەتی وڵاتان، تا ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە تۆڕە مافیاییەکانەوە هەیە یان لە دەرەوە تاوانەکانی ناو سوید بەڕێوەدەبەن، دەستگیر بکرێن و رادەستی بەرپرسانی ستۆکهۆڵم بکرێنەوە.

 پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدا هەفتەی رابردوو یەکێک لە گومانلێکراوانی ئەو باندانە لە یەکێک لە وڵاتانی ئەفریقاوە رادەستی سوید کراوەتەوە و پلانی ئەوەش هەیە لە داهاتوودا بنکەی هاوشێوە لە باکووری ئەفریقا و چوار وڵاتی دیکە بکرێنەوە.

 پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، لە ساڵانی رابردوودا بوونی ژمارەیەکی زۆر گرووپی مافیایی لە سوید ببووە هۆی ئەوەی تاوانەکانی کوشتن، تەقەکردن، بۆمبدانانەوە، چەک و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر ببنە دیاردەیەکی رۆژانە، تەنانەت گەیشتە ئاستێک سەرکردەی مافیاکان هێرشیان دەکردە سەر کەسوکاری یەکتر. گوتیشی، هەرچەندە بۆ ماوەیەک دوای گۆڕینی دەسەڵات دۆخەکە تا رادەیەک ئارام ببووەوە، بەڵام ئێستا جارێکی دیکە خەریکە ئەو دیاردەیە سەرهەڵدەداتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، حکوومەتی سوید دەسەڵاتی تەواوی داوەتە پۆلیس بۆ بنبڕکردنی ئەو دیاردەیە و یاساکانی تایبەت بە دەستگیرکردن و سزادانی ئەندامانی باندە مافیاییەکان توندتر کراونەتەوە، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر گەنج تێکەڵ بەو گرووپانە بوونە و ئاسایشی وڵاتەکەیان خستووەتە مەترسییەوە.

بە گوتەی پەیامنێری کوردستان24، بەشێک لە سەرکردەی ئەو گرووپە مافیاییانە عێراقی، عەرەب یان کوردن، لەوانەش رەوا مەجید، سەرکردەی باندی "فۆکسترۆت" کە ئێستا لە ئێرانە، بەڵام تاران لە پرسی رادەستکردنەوەیدا هیچ هاوکارییەکی ستۆکهۆڵمی نەکردووە.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکانی سوید، لە ساڵی 2018ـەوە توندوتیژیی باندە مافیاییەکان بووەتە هۆی کوژرانی 366 کەس و روودانی دوو هەزار و 532 رووداوی تەقەکردن، هەروەها لە ساڵی 2023ـەوە 382 هێرشی بۆمبدانانەوە تۆمار کراون.