فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە پێگەی حووسییەکانیان لە سەنعا بۆردومانکرد
فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە شەش هێرشی ئاسمانییان کردە سەر چەند ناوچەیەکی سەنعای پایتەختی یەمەن، کە لەژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان دایە. بەگوێرەی میدیاکان، هێرشەکان پێگە سەربازییەکان و وێستگەیەکی سووتەمەنییان کردووەتە ئامانج.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی ریا نۆڤۆستـی رووسی لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە، پێنج لە هێرشەکان چیای عەتانیان لە باشووری رۆژئاوای پایتەخت کردووەتە ئامانج، کە بارەگای فەرماندەیی لیواکانی مووشەکی سوپای پێشووی یەمەنی تێدایە. هێرشەکەی دیکەش وێستگەیەکی سووتەمەنیی لە بەشی رۆژئاوای سەنعا پێکاوە.
چەند کاتژمێرێک پێشتر هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی رایانگەیاند، درۆن و مووشەکێکی بالیستییان تێکشکاندووە، کە لەلایەن حووسییەکانەوە ئاراستەی ریاز و ناوچەی رۆژئاوای سعوودیە کرابوون.
دوێنێ شەممە، حووسییەکان سعوودیەیان بە ئەنجامدانی 71 هێرشی ئاسمانی و مووشەکی لە ماوەی 24 کاتژمێردا تۆمەتبار کرد، کە پارێزگاکانی بەیزا، عەمران، حەجە، سەعدە، لەحج، تەعیز، جەوف و مەئریبیان کردووەتە ئامانج.
لە بەرامبەردا، سوپای یەمەن رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێردا 816 ئۆپەراسیۆنیان دژی حووسییەکان بەڕێوەبردووە، لەنێویاندا 65 ئۆپەراسیۆن بە درۆن و 14 هێرشی ئاسمانی بوون لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "فەجری یەمەن"ـدا. سوپای ئەو وڵاتە روونیکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکان بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی 149 چەکداری ئەو گرووپە.
5ـی تشرینی یەکەمی رابردوو، رەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیی یەمەن، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "فەجری یەمەن"ـی بە پاڵپشتیی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرکردایەتیی سعوودیە راگەیاند، بە ئامانجی گێڕانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و سەنعای پایتەخت لەژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان.