عێراق پڕۆژهی درووستكردنی مانگی دهستكرد دادهڕێژێت
بۆ ئهوهی دەست بە جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی کارەکان بکرێت
K24 – ههولێر:
ئەرکان ئەلشیبانی، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، گرنگە نەخشە رێگەیەکی تایبەت بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی مانگی دەستکردنی عێراقی دابڕێژرێت و دەست بە جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی کارەکان بکرێت.
سوعاد خەڵەف مەجید، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییە ئاسمانییەکان رایگەیاند، هەماهەنگییەکی گەورە لەگەڵ دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان و یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ پەیوندییەکان هەیە، بۆ ئەوەی مافی عێراق لە ئۆربیتاڵ و فرێکوێنسی گەرەنتی بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پەیوەندیدان.
هەروەها ئەو بەرپرسە دەشڵێت، کارمەندانی بەشی پەیوەندییە ئاسمانییەکان بەردەوام لەگەڵ دامەزراوە حکومی و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە پەیوەندیدان، بۆ ئەوەی پێویستییەکانی خزمەتگوزاری مانگی دەستکرد و کارەکان بە کەمترین تێچوو دابین بکەن. هەروەها سوود لە باشترین دەرفەت وەربگرن بۆ دروستکردن و هەڵدانی مانگی دەستکردی عێراقی، ئەوەش لە رێگەی پەیوەندی و هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ رێکخراوە بۆشایی ئاسمانییە جیهانییەکان و کۆمپانیاکانی دروستکردن و بەگەڕخستنی مانگی دەستکرد.